Accessibility links

حەماس شەش بارمتەی دیکە لە بەرامبەر 602 زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات


لە خولی حەوتەمی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانیانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ڕۆژی شەممە، 22ی مانگی دوو گرووپی توندڕەوی حەماس سەرەتا دوو کەسیان ئازاد کرد، پاشان سێ کەسی دیکە و دواجار دوای کاتژمێرێک، دواهەمین کەسیان لە شەش بارمتە ئیسرائیلییە بەڵێندراوەکان لە بەرامبەر نزیکەی 600 زیندانی فەلەستینی ئازاد کرد. ئەمەش دوای ئەوەی ئیسڕائیل ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە چەند کاتژمێرێک لەوەوبەر تەرمی شیری بیباسی وەرگرتووەتەوە.

ئیلیا کۆهینی تەمەن 27 ساڵ، عومەر شیم تۆڤی تەمەن 22 ساڵ و عومەر وینکەرتی تەمەن 23 ساڵ سەرجەمییان لە ماوەی فیستیڤاڵی میوزیکی نۆڤادا لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل ڕفێندران، ڕۆژی شەممە ڕادەستی خاچی سوور کران و لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە گواسترانەوە.

دەیان چەکدار وەکو پاسەوان وەستابوون لە قەرەباڵغییەکەدا کە هاتبوون سەیری ڕادەستکردنەکە بکەن، چەکدارانی حەماسیش لەملاولای سێ بارمتەکەوە وەستابوون، بارمتەکان لاواز دەرکەوتن و ناچار کران لە سەکۆکەوە سڵاو لە خەڵکەکە بکەن.

تال شۆهامی تەمەن 40 ساڵ و ئاڤێرا مینگیستوی تەمەن 39 ساڵ پێشتر لە ڕەفەحی باشووری غەززە ئازاد کران.

بارمتەی شەشەم، هیشام ئەلسەعیدی تەمەن 36 ساڵ، پێشبینی دەکرێت لە شاری غەززە ئازاد بکرێت.

ئەلسەعید و مینگیستو دە ساڵ لەمەوبەر کاتێک خۆیان هاتنە ناو غەزززەوە دەستگیرکران. شۆهام لەگەڵ خێزان و دوو منداڵەکەیدا لە کیبوتز بێری ڕفێندران، خێزان و منداڵەکانی لە مانگی یانزەی ساڵی 2023 دا لە ئاگربەستێکی کورتدا ئازاد کران.

شەش بارمتەکە دوایین بارمتەی زیندوون لە کۆی ئەو 33 بارمتەیەی کە بڕیارە لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکەدا ئازاد بکرێن کە لە 19 ی مانگی یەکەوە دەستیپێکردووە. نزیکەی 60 بارمتەی دیکە لە غەززە ماونەتەوە کە باوەڕوایە لە نیوە کەمترییان زیندوو بن.

ئیسڕائیلییەکان لە ژێر باراندا لە گۆڕەپانی بارمتەکان لە تەل ئەڤیڤ کۆبوونەوە، هەندێکییان مۆمییان لە ژێر وێنەکانی خێزانی بیباسدا هەڵدەکرد، ئەوانی دیکەش خۆشحاڵ بوون لە کاتێکدا کە لە شاشەکەوە دەیانبینی بارمتەکان ئازاد دەکرێن.

یەکێک لەوانەی کە سەیری ئازادکردنەکەی دەکرد کە لە ڕێی شاشەیەکی گەورەوە پەخش دەکرا یایل ئەلیکساندەر بوو. کوڕەکەی ئەلیکساندەر، کە سەربازە و هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی ئیسڕائیلییە، لە هێرشەکەی مانگی 10 دا لە بنکەیەکی سەربازیی لە نزیک غەززە ڕفێندرا.

دایکی وتی " ئەوە هیوایەکم دەداتێ لەسەر ئەوەی کە ئیدانی کوڕم دواتر ئازاد دەکرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG