Accessibility links

تورکیا دەڵێت هێزەکانی حەفتەر لە لیبیا 6 هاوڵاتی تورکیان دەستگیرکردووە


تورکیا وتی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا " سوپای نیشتیمانی لیبیا " بە ڕابەرایەتی خەلیفە حەفتەر شەش هاوڵاتی تورکییان دەستگیرکردووە، ئاماژەشی بەوەدا ئێستا هێزەکانی حەفتەر ئامانجمانن ئەگەر بەزووترین کات ئازادیان نەکەن.

جێی ئاماژەیە تورکیا پشتیوانی لە حکومەتی لیبیا دەکات کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە و ماوەی سێ مانگە بەرپەرچی هێرشەکانی هێزەکانی حەفتەر دەداتەوە بۆ سەر تەڕابلسی پایتەخت لیبیا.

ئەنقەرە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و پێداویستی سەربازیی دەداتە هێزە هاوپەیمانەکانی حکومەتی سەرۆک وەزیری لیبیا فائیز سەڕاج، لەکاتێکدا دیبلۆماتکاران دەڵێن هێزەکانی سوپای نیشتیمانی بە ڕابەرایەتی حەفتەر لەلایەن ئیماڕات و میسڕەوە پشیوانیان لێدەکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " دەستگیرکردنی شەش هاوڵاتی تورکی لەلایەن میلیشیا نایاساییەکانی سەر بە حەفتەرەوە کارێکی چەتەگەریییە. پێشبینی ئەوە دەکەین بەزووترین کات ئازاد بکرێن ئەگەر نا ئەوا هێزەکانی حەفتەر دەبنە ئامانجمان."

وتەبێژی هێزەکانی حەفتەر ڕۆژی هەینی وتی ‌هێزەکانیان گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکانیان لە لیبیاوە بۆ تورکیا ڕاگرتووە، هەروەها هۆشیاریشیدا لەوەی هەر فڕۆکەیەک یاخود کەشتیەکی تورکی هەوڵ بدات لە تەڕابلس بنیشێتەوە ئەوا وەکو دوژمن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. وتیشی سوپای نیشتیمانی لیبیا هێرش دەکاتە سەر هەر بوونێکی سەربازیی تورکیا لە وڵاتەکەدا.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا لە زاری وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاکار خەڵوسییەوە بڵاویانکردەوە هەر هەڕەشەیەک لەلایەن هێزەکانی حەفتەرەوە بە توندی وەڵام دەدرێتەوە و تورکیا ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر دژی هەر هێرشێک.

لەلایەکی دیکەوە دەزگای ڕاگەیاندنی جەنگی سەر بە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا " سوپای نیشتیمانی لیبیا " لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە هێزەکانی سوپای نیشتیمانی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکییان لە بنکەی سەربازیی ئاسمانی مەعیتیقە لە تەڕابلس تێکشکاندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG