Accessibility links

کۆمەڵێک چەکدار لە نایجیریا 19 کەس لە هێزەکانی ئاسایش دەکوژن


سەرچاوەیەکی ئاسایش و دانیشتوانی ویلایەتی کێبیی باکووری ڕۆژئاوای نایجیریا وتیان کۆمەڵێک چەکدار 19 کەسیان لە هێزەکانی ئاسایش کوشتووە و 13 سەربازیش لەنێو کوژراوەکاندا بوون.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو شەڕ و پێکدادانەکان لە گوندی کانیای ناوچەی دانکۆ واساگو دەستیانپێکرد، ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەندامانی هێزێکی چەکدار کە بەرگری لە خۆیان دەکەن لەو ناوچەیەدا کوژران.

ڕۆژی دووشەممە لە بۆسەیەکی چەتەکاندا لە نزیک ساکابا لانی کەم 57 چەکداری ئەو هێزە کوژران. سەرچاوەکان و دانیشتوانی ناوچەکە وتیان سەدان چەکدار هێرشیان کردەسەر کانیا و ڕووبەڕووی هێزە سەربازییەکان و پۆلیس بوونەوە و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر شەڕەکە بەردەوام بوو.

ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " 19 کەس کوژراون، 13 سەرباز و پێنج پۆلیس و چەکدارێکیان تێدایە."

وتیشی هەشت ئەندامی دیکەی هێزەکانی ئاسایش کە چوارییان سەرباز بوون بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ئاماژەشی بەوەدا " شەڕەکە زۆر سەخت بوو زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند. تیرۆریستان ژمارەیان زۆر بوو لەبەر ئەوە باڵادەست بوون لە شەڕەکەدا."

چەند ساڵێکە باکووری ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی نایجیریا ڕووبەڕووی باندی چەتەکان بوونەتەوە کە هێرش دەکەنە سەر گوندەکان و تاڵانیان دەکەن، هەروەها ئاژەڵەکان دەدزن و دانیشتوانی ناوچەکە دەڕفێنن و داوای پارە دەکەن.

بەڵام لەمدواییانەدا هێرشەکانیان زیاتر بوون، تەنانەت سوپای نایجیریاش هەوڵدەدات چەتەکان لە بنکەکانیان دووربخاتەوە.

لە هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممەدا، دانیشتوویەکی ناوچەکە بە ناوی موسا ئارزیکاوە وتی هێرشبەرەکان بە " نزیکەی 200 ماتۆڕەوە هاتوون و هەر ماتۆڕە و سێ کەسی پێبووە " و گەمارۆی گوندەکەیان داوە.

وتی " لاشەی ئەو 13 سەرباز و پێنج پۆلیس و چەکدارەکە کە لە شەڕەکەدا کوژران گواستراونەتەوە بۆ زورو."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG