Accessibility links

هەڵبژاردنی گرینلاند لە کاتێکی گرنگدا بەڕێوە دەچێت


دانیشتوانی گرینلاند ڕۆژی سێشەممە لە هەڵبژاردنێکدا دەنگی خۆیان دا، کە لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت بەهۆی بەڵێنەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دوورگەیە کە دەوڵەمەند بە کانزاکان.

لە دوای دەستبەکاربوونییەوە لە مانگی یەکدا، سەرۆک ترامپ بەڵێنیداوە گرینلاند بکاتە ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆی دانیمارک، بەڵام بەشێک بێت لە ئەمەریکا، وتوویەتی گرینلاند زۆر گرنگە بۆ بەرژەوەندییە ئاسایشییەکانی ئەمەریکا.

ئەم دوورگەیە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی تەنها 57,000 کەسە، کەوتووەتە نێوەندی کێبڕکێیەکی جیۆپۆلەتیکییەوە بۆ زاڵبوون بەسەر جەمسەری باکووردا، کە توانەوەی سەهۆڵەکەی وادەکات دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی ئاسانتر بێت و ڕێگەی نوێی کەشتیش دەکاتەوە.

ڕووسیا و چینیش چالاکییە سەربازییەکانییان لەو ناوچەیەدا زیاد کردووە.

گرینلاند کە لە ساڵی 1953 ەوە ناوچەیەکی دانیمارکە، سێ هێندەی قەبارەی ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکایە. لە ساڵی 1979 دا هەندێک سەربەخۆیی بە دەستهێنا کاتێک کە یەکەم پەرلەمانی دامەزرا، بەڵام دانیمارک کۆنتڕۆڵی کاروباری دەرەوە و بەرگری و پارەکەی کردووە و ساڵانە تەنها کەمتر لە 1 ملیار دۆلار بۆ ئابوورییەکە دابین دەکات.

لە ساڵی 2009 دا گرینلاند مافی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییەکی تەواوی دەستکەوت، ئەوەش لە ڕێی گشتپرسییەکەوە بوو، بەڵام سەربەخۆیی ڕانەگەیاندووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە پێی وابووە ژیانکردن لە دوورگەکەدا خراپ دەبێت بەبێ پشتیوانی ئابووریی دانیمارک.

بەڵام گرنگیی سەرۆک ترامپ بە گرینلاند دۆخی ئێستای دوورگەکەی هەژاندووە لەگەڵ زیادبوونی شانازی خەڵکە ڕەسەنەکان بە کلتووری ئینویتەکانییان، ئەمەش وایکردووە سەربەخۆیی ببێتە پرسێکی پێشینە و سەرەکی لە هەڵبژاردنەکاندا.

ماسانا ئێجیدی سەرنوسەر لە ڕۆژنامەیەکی گرینلاند وتی " پرسی سەربەخۆیی لەلایەن ترامپەوە گەورە بوو. سەرجەم کێشەکانی ڕۆژانەی لە بیری خەڵکەکە بردووەتەوە."

لە ڕاپرسییەکی مانگی یەکدا دەرکەوتووە کە زۆرینەی دانیشتوانی گرینلاند پشتگیری لە سەربەخۆیی دەکەن، بەڵام دابەشبوون لەسەر کات و ئەگەری کاریگەرییەکانی ژیانکردن بەبێ پشتیوانی ئابووریی دانیمارک.

ڕۆیتەرز قسەی لەگەڵ دەیان هاووڵاتی گرینلانددا کردووە لە نوکی پایتەختی دوورگەکە، سەرجەمییان وتوویانە پشتگیری لە سەربەخۆیی دەکەن، بەڵام زۆرێکییان نیگەرانیشیان دەربڕیوە لەسەر ئەوەی کە گۆڕانێکی خێرا ڕەنگە زیان بە ئابووری بگەیەنێت و خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و خوێندن بە خۆڕایی لە ناوببات.

دوورگەکە سەرچاوەیەکی سروشتی زەبەلاحی هەیە، کانزای هەستیاری هەیە کە لە پیشەسازیی تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکاندا بەکاردەهێندرێن، لە ئوتومبێلی کارەباییەوە بۆ سیستمی موشەکەکان.

بەڵام گرینلاند خاو بووە لە دەرهێنانی ئەو سەرچاوانەدا، ئەوەش بەهۆی نیگەرانی ژینگەیی و کەش و هەوای توند و کۆنتڕۆڵی چین بەسەر کەرتەکەدا، کە قورسی کردووە لەسەر کۆمپانیاکان لە شوێنەکانی دیکەوە قازانج بکەن یاخود کڕیار بەلای خۆیاندا ڕابکێشن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG