Accessibility links

موشەکێک ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغداد کرا


سوپای عێراق وتی موشەکێک ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغداد کراوە کە دامودەزگا حکومییەکان و باڵیۆزخانە بیانییەکانی تێدایە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

کۆمەڵێک شایەتحاڵ بە ڕۆیتەرزیان وت شەوی یەکشەممە گوێیان لە دەنگی تەقینەوەیەک بووە لە ناوەڕاستی بەغداددا و دوو سەرچاوەی سیاسییش کە بنکەکانیان لە بەغدادە وتیان گوێیان لە دەنگی تەقینەوە بووە.

سوپای عێراق لە بەیاننامەیەکدا وتی موشەکێکی کاتیوشا لە ناوەڕاستی ناوچەی سەوزدا کەوتۆتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە، ئاماژەشی بەوەدا دواتر وردەکاری زیاتر بڵاودەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی پۆلیس وتی هێزە تایبەتیەکانی سەر بە پۆلیس ئەو شوێنەیان دۆزیوەتەوە کە موشەکەکەی لێ هەڵدراوە و دەکەوێتە حەی سەناعەوە لە ڕۆهەڵاتی عێراق و ناوچەکەیان گەمارۆداوە.

سەرچاوەکە وتیشی پۆلیس دەگەڕێت بە شوێن گومانلێکراوەکاندا لە ناوچەکە و ئاماژەشی بەوەدا موشەکەکە بەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا نەکەوتووە.

جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو بەرپرسانی ئەمەریکی کارمەندە ناپێویستەکانیان لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد و کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر کشاندەوە.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی هێزی زیاتریان ناردووە بۆ ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئێران و ئەو چەکدارانەی کە ئێران لە عێراقدا پشتیوانیان لێدەکات و دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکان.

ئێران و ئەمەریکا دەڵێن جەنگیان ناوێت، ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG