Accessibility links

یۆنان ڕووبەڕووی دوو ئاگرکەوتنەوەی گەورە دەبێتەوە


ڕۆژی پێنجشەممە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دوو ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە نزیک ئۆلۆمپیاوە لەسەر دوورگەی ئیڤیا، ئەمە لەکاتێکدایە شەپۆلێکی گەرمای پێوانەیی ڕووی کردۆتە وڵاتەکە.

زیاتر لە 170 کارمەندی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و 50 ئوتومبێلی ئاگرکوژێنەوە و شەش فڕۆکەی هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی ئاگرکوژینەوە ڕەوانەی ناوچەیەکی نزیک لە شوێنەوارێکی دێرینەوە کراون، شوێنی لە دایکبوونی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لەسەر نیمچە دوورگەی پێلۆپۆنیس.

بەرپرسێکی ناوخۆی ئۆڵۆمپیا ناکتاریۆس فارماکیس بە دەزگای هەواڵی ئەی ئێن ئەی وت " ئاگرەکە 20 ماڵی سووتاندووە و ئێستا بەرەو لالاس پەرەدەسەنێت." ناوچەیەکی شاخاویی چڕە و دەکەو‌ێتە باکووری ڕۆژئاوای ئۆڵۆمپیاوە.

هەریەک لە ئۆڵۆمپیا و شەش گوندی دیکەی نزیک ئەو ناوچەیە ڕۆژێک پێشتر چۆڵکراون، جێی ئاماژەیە لەم کاتەی ساڵدا هەمیشە ئۆڵۆمپیا پڕ بووە لە گەشتیاران.

ژمارەیەکی دیکەی هاوشێوە لە کارمەندانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە هەمان شێوە لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکەی ئیڤیادا بوون کە دەکەوێتە 200 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ئەسیناوە.

لانی کەم 150 خانوو لە دوورگەکەدا سوتاون لەکاتێکدا ئاگرەکە چواردەوری پەرستگایەک و دەیان گوندیدا.

دەزگای ئەی ئێن ئەی ئاماژەی بەوەدا دوو گوندی دیکە لەو ناوچەیەدا چۆڵکراون.

سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی مانتۆدی، گیانیس تساپۆرنیۆتیس وتی ئاگرەکە لە چوار لاوە پەرەی دەسەند، یەکێکیان بەرەو پەرستگای سەینت دەیڤد دەڕۆیشت کە قورس بوو کۆنتڕۆڵ بکرێت، پەرستگاکە لە ڕۆژی چوارشەممەوە چۆڵکراوە.

دەزگای ئەی ئێن ئەی وتی ڕۆژی پێنجشەممە با بەهێزەکە ڕێگەی نەدا فڕۆکەکانی ئاگرکوژێنەوە بگەنە شوێنی ئاگرەکە.

هێزی بەرەنگاربوونەوەی ئاگر وتی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا ڕووبەڕووی 92 ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بوونەتەوە.

جێگری وەزیری بەرگری شارستانی نیکۆس هاردالیاس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هێشتا کاتە سەختەکە ماوە بێت."

هاوکات تورکیاش ڕووبەرووی گەورەترین ئاگرکەوتنەوە بووە، بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی هەشت کەس و سەدان کەسی لە ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەی ناچارکردووە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.

شارەزایان پێیان وایە گەمبوونی زەوی خێرایی و چڕی ئاگرەکان زیاتر دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG