ڕۆژی دووشەممە دوای ژمارەیەک بومەلەرزەی کە لە دوورگەی سانتۆرینی جێگای سەرنجی گەشتیارانی دا لە یۆنان، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە کیریاکۆس میتسۆتاکیس داوای لە خەڵکی کرد ئارام بن. بومەلەرزەکان نیگەرانییان لە نێو دانیشتوانی ناوچەکەدا دروست کردووە و سەدان کەسیش ناوچەکەیان جێهشتووە.
میتسۆتاکیس لە بڕۆکسل وتی بەرپرسانی وڵاتەکەی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا چاودێری دیاردەیەکی جیۆلۆجی " زۆر توندییان " کردووە، وتی " دەمەوێت لەسەروو هەمووشتێکەوە داوا لە دوورگەنشینەکانمان بکەم ئارام بن."
لە هەفتەی ڕابردووەوە دوورگەی سانتۆرینی، کە بە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی و گڕکانە خەوتووەکەیەوە بەناوبانگە، لەگەڵ دوورگەکانی دەریای ئیجەدا، ڕووبەڕووی سەدان بومەلەرزە بوونەتەوە، گەورەترین بومەلەرزەیان بە گوڕی 4.9 پلە بووە.
دوورگەکانی ئانافی و لۆس و ئامۆرگۆسی دراوسێش بە هەمان شێوە بومەلەرزە لێیداون.
بومەلەرزەکان بەرپرسانییان ناچار کردووە یەکەکانی فریاگوزاری بنێرن بۆ ناوچەکە و قوتابخانەکان دابخەن، هەندێک لە ناوچەکانیش بەهۆی مەترسی خلیسکانی بەردەوە قەدەغە کراون.
بەڕیتانیا هۆشدارییەکی گەشتکردنی بڵاوکردەوە و داوای لە هاووڵاتییانی کرد شوێن ڕێنماییەکانی بەرپرسانی ناوخۆ بکەون.
بەرپرسانی یۆنان داواشییان لە خەڵکەکە کردووە خۆیان بە دوور بگرن لە گردبوونەوەی گەورە لە شوێنە داخراوەکاندا و خۆیان بە دوور بگرن لە هەندێک لە بەندەرەکان و بینا چۆڵکراوەکان و مەلەوانگە بەتاڵەکان.
زۆربەی دانیشتوانەکەی ناوچەکە شەوەکەیان لە دەرەوە بەسەربردووە، هاوکات ئەوانی دیکەش لەڕێی دەریا و ئاسمانەوە ناوچەکە جێدەهێڵن.
دەریای ئیجە لاوازە لەبەردەم بومەلەرزەکاندا، لە ساڵی 1965 دا بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.0 لە دورگەی سانتۆرینیدا و بووە هۆی گیان لە دەستدانی زیاتر لە 50 کەس و سەدان بیناشی ڕووخاند.
کۆستاس ساکاڤاراس کە ڕێنیشاندەرێکی گەشتیارییە و ماوەی 17 ساڵە لە دوورگەکەدا دەژی، بە فرانس پرێسی وت کە هەرگیز پێشتر ئەم چالاکییە بومەلەرزەییەی نەبینیوە.
وتی " دوێنێ هەر سێ بۆ چوار کاتژمێرێک دەلەرزییەوە. ئەمە جیاوازە لە جارەکانی پێشوو."
سەرچاوەیەکی هێزی پاسەوانی کەنار دەریای یۆنان وتی ڕۆژی یەکشەممە زیاتر لە 1000 کەس لە ڕێی دەریاوە دوورگەکەیان جێهێشتووە.
سانتۆرینی یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە سەرەکییەکانی یۆنان و لە ساڵی 2023 دا 3.4 ملیۆن گەشتیار ڕوویان تێکردووە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس