لە چوارچێوەی خۆپیشاندانێکدا لە ناوەڕاستی ئەسینا کە هەزاران خوێندکار و کرێکارانی هێڵی شەمەندەفەرەکان بەشدارییان تێدا کرد، پێکدادان لە نێوان پۆلیس و کۆمەڵێک لە خۆپیشاندەراندا ڕوویدا، خۆپیشاندانەکانیش بەهۆی ڕووداوی کوشندەی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەکەوە بوون لە یۆنان.
گروپێکی کەم لە خۆپیشاندەران بۆمبی بەنزینیان بە ئاڕاستەی پۆلیس هەڵدەدا، پۆلیسیش بە گازی فرمێسک ڕژێن و نارنجۆکی هۆشبەر وەڵامییان دایەوە، دواتر خۆپیشاندەران بەرەو شەقامەکانی ئەو نزیکانە بڵاوەیان پێکرا.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بەهۆی پێکدادانی شەمەندەفەرێکی سەرنشینەکان و شەمەندەفەرێکی بارهەڵگرەوە لە ناوەڕاستی یۆنان کە لەسەر هەمان هێڵ بوون لانیکەم 57 کەس گیانیان لە دەستدا و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون، شەمەندەفەرەکە لەو کاتەدا زیاتر لە 250 سەرنشینی پێبووە.
دوای خۆپیشاندانەکان لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، ڕۆژی یەکشەممە نزیکەی 10,000 خوێندکار و کرێکارانی هێڵە ئاسنینەکان و لایەنگرانی چەپەکان لە گۆڕەپانی ئەسینا کۆبوونەوە و هاوسۆزی خۆیان بۆ قوربانییانی ڕووداوەکە دەربڕی و داوای ستانداردێکی پارێزراوترییان کرد بۆ تۆڕی هێڵە ئاسنینەکان.
خۆپیشاندەران لە کاتێکدا کە باڵۆنە ڕەشەکانیان بەرەو ئاسمان هەڵدەدا هاوارییان دەکرد " ئەم تاوانە لە یاد ناکرێت."
شەمەندەفەرەکە پڕ بووە لە خوێندکارانی زانکۆکان و لە ئەسیناوە گەشتی کردووە بۆ شاری ثیسالۆنیکی باکووری وڵاتەکە. کارەساتەکە توڕەبوونێکی زۆری لێکەوتەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر ستانداردەکانی پارێزراوی هێڵە ئاسنینەکان.
کرێکارانی هێڵە ئاسنینەکان، کە هاوەڵەکانیان لە ڕووداوەکەدا لە دەستدا، لە ڕۆژی چوارشەممەوە مانییان گرتووە بۆ سەرکۆنەکردنی بڕینی خەرجی وەبەرهێنانەکان لە ژێرخانی هێڵە ئاسنینەکاندا.
حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری یۆنان کیریاکۆس میتسۆتاکیس وتی هۆکاری ڕووداوە کوشندەکە هەڵەی مرۆیی بووە، بەڵام ڕۆژی یەکشەممە میتسۆتاکیس وتی هەڵەی مرۆیی نابێت لە بەرپرسیارێتی کێشە درێژخایەنەکانی تۆڕی شەمەندەفەرەکان دوورمان بخاتەوە.
وتی " وەکو سەرۆک وەزیر، داوای لێبووردنێک قەرزاری هەمووانم، بەڵام لەسەروو هەموویانەوە کەسوکاری قوربانییەکان، دادپەروەری زۆر بە خێرایی لێکۆڵینەوە لە تراجیدیاکە دەکات و ڕێوشوێنەکان دیاری دەکات."
بەڕێوبەری وێستگەکەی نزیک شاری لاریسا کە لە کاتی پێکدادانەکەدا لەسەر کار بووە، لەم هەفتەیەدا تۆمەتبار کرا، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی ژیانی خەڵکی کردۆتە مەترسییەوە و گواستنەوەی گشتی تێکداوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز