بەهۆی بەریەککەوتنی شەمەندەفەرێکی سەرنشینان و شەمەندەفەرێکی بارەوە لە یۆنان لانیکەم 36 کەس گیانیان لە دەستداوە و 85 کەسی دیکە بریندار بوون.
بەرپرسێکی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە وتی شەست کە لە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، شەش کەسییان لە یەکەی چاودێری ورددان.
پێکدادانەکە لە کاتێکدا بووە شەمەندەفەری سەرنشینەکان لە تونێلێکەوە هاتۆتە دەرەوە و لەسەر هێڵە ئاسنینەکەی لایداوە، زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و جامەکانی شکاندووە و دووکەڵێکی چڕیش لە شوێنەکەدا بیندراوە لە کاتێکدا کە تیمەکانی فریاکەوتن دەگەڕان بە دوای ڕزگاربووانی دیکەدا.
یەکێک لە گالیسکەی سەرنشینەکان بە گۆشەی نزیکەی 90 پلە کەوتبووە سەرلا و لە پارچەکانی دیکەی شەمەندەفەرە وێرانبووەکەوە جیا ببۆوە، گالیسکەکانی دیکەش لە هێڵەکەی خۆیان لایاندابوو.
ستێرجیۆس مینینسی تەمەن 28 ساڵ کە سەرنشینێک بووە لە شەمەندەفەرەکەدا و بازی هەڵداوەتە دەرەوە، وتی پێکدادانەکە دەنگێکی بەرزی هەبووە و دواتر ئاگرکەوتۆتەوە.
نزیکەی 250 سەرنشین لە کۆی 350 کەس بە پاس گواستراونەتەوە و ڕزگارییان بووە.
وتەبێژی حکومەتی یۆنان گیانیس ئۆیکۆنۆمۆ وتی " ئەرکی سەرەکیمان لە ئێستادا چارەسەرکردنی بریندارەکانە، گەڕانە بە ناو پاشماوەی شەمەندەفەرەکەدا بۆ دۆزینەوە ئەو کەسانەی بێسەروشوێن بوون، هەروەها دابینکردنی پشتیوانی دەروونی لەلایەن دەروونناسانەوە بۆ خزمانی قوربانییەکان."
سەرنشینێک بە کەناڵی ئی ئاڕ تی وت دوای ئەوەی بە جانتاکەی جامی شەمەندەفەرەکەی شکاندووە هاتۆتە دەرەوە.
سەرنشینێکی دیکە بە ناوی ئانگیلۆس تسیامۆراسەوە بە ئی ئاڕ تی وت " وەکو بومەلەرزەیەک وابوو."
دوو شەمەندەفەرەکە لەسەر هەمان هێڵ بوون کاتێک خۆیان بە یەکتردا کێشاوە.
بەرپرسێکی هێڵنیک ترەین بە ڕۆیتەرزی وت لە ئێستادا پۆلیس و لێکۆڵەرەوان لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر ئەوەی هۆکاری ڕووداوەکە چی بووە.
کەناڵی ئی ئاڕ تی وتی پۆلیس بۆ ماوەیەکی کاتی بەڕێوبەری وێستگەکەی لە شاری لاریسا دەستبەسەر کردووە و شایەتحاڵانی بانگکردووە بۆ ئەوەی بزانن چی ڕوویداوە.
وتەبێژی یەکەی ئاگرکوژێنەوە ڤاسیلیس ڤارثاکۆگیانیس وتی " گواستنەوەی سەرنشینەکان لە دۆخێکی زۆر سەختدا بەردەوامە، ئەوەش بەهۆی توندیی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەکەوە."
وتی " بە تراجیدیایەکدا تێدەپەڕین. خەڵکەکە بە زیندوویی دەردەکەینەوە، بریندارن، مردووییان تێدایە."
دەزگاکانی ناوخۆ دەڵێن شەمەندەفەرەکە کاتژمێری نزیکەی 7:30 ی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ئەسینای جێهێشتووە. یەکەکەی ئاگرکوژێنەوە بە ماوەیەکی کورت پێش نیوەشەو لە ڕووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە. شەمەندەفەری بارەکەش لە ثیسالۆنیکییەوە بەرەو لاریسا ڕۆیشتووە.
لە ساڵی 1972 دا، بەهۆی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەوە لە دەرەوەی لاریسا 19 کەس گیانیان لە دەستدا.
سیستمی کۆنی هێڵی ئاسنینی یۆنان پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە، زۆرێک لە شەمەندەفەرەکان لەسەر یەک هێڵی ئاسنین دەڕۆن و سیستمی کۆنتڕۆڵی ئۆتۆماتیکیش هێشتا لە زۆر ناوچەدا دانەندراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز