Accessibility links

داخستنی حکومەتی ئەمەریکا ڕەنگە لێکۆڵینەوەکان بۆ لێپێچینەوە لە بایدن خاو بکاتەوە


کێڤن مککارتی- سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا
کێڤن مککارتی- سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا

ئەگەری داخستنی حکومەتی ئەمەریکا کە هەندێک لە کۆمارییە سەرسەختەکان بە دانۆڵد ترامپیشەوە هانی بۆ دەدەن، ڕەنگە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دیکەی کۆمارییەکان خاو بکاتەوە، ئەوەش لێکۆڵینەوەیە بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کێڤن مککارتی کۆماریی، لە 12 ی مانگی نۆدا لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکرد بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆک جۆو بایدن. ئەوەش دوای چەندین مانگ لە لێکۆڵینەوەکان لە هاتنەر بایدنی کۆڕی جۆو بایدن و یەکەم دانیشتن بۆ لێپێچینەوەکەش بڕیارە لە 28 ی مانگی نۆدا بەڕیوەبچێت، واتە تەنها دوو ڕۆژ پێش وادەی کۆتایی داخستنی حکومەت.

جێی ئاماژەیە کە ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆماریخواز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 21ی مانگی نۆ بۆ جاری سێیەم دژی ئەو بودجەی بەرگرییە کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمارییەکانەوە پێشنیارکرابوو، وەستانەوە و قەبووڵیان نەکرد و بەم شێوەیەش پێدەچێت تاکو 9 ڕۆژی دیکە ڕیکنەکەوتنی ئەنجوومەن لەگەڵ بودجە پێشنیارکراوەکەدا ببێتە هۆی داخستنی حکومەتی ئەمەریکا.

لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت زۆربەی کارمەندانی کۆنگرێس لەسەر کارەکانییان بمێننەوە ئەگەر هاتوو لە دوای 30 ی مانگی نۆوە بەشێکی حکومەت دابخرێت، کاتێک کە پارەکە تەواو دەبێت. ئەوەش بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە تەنها کۆنگرێس دەسەڵاتی ئەوەی هەیە پڕۆژە یاسایەک پەسەند بکات بۆ دابینکردنی پارە و دووبارە کردنەوەی حکومەت.

یاسادانەرانی کۆنگرێس دەڵێن کۆشکی سپی یاسای جیاوازی تایبەت بە خۆی هەیە و پێدەچێت ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندان ڕەوانەی ماڵەوە بکاتەوە، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ فشار خستنەسەر کۆنگرێس تاوەکو کارێک بکات، ڕەنگە ئەو کارمەندانەش بگرێتەوە کە وەڵام دەدەنەوە کاتێک داوای زانیاری دەکرێت.

لە مانگی هەشتدا مککارتی هۆشداریدا لەسەر ئەو ئەگەرە، کاتێک هێشتا هەوڵی دەدا کۆمارییەکانی هاوڕێی ڕازی بکات جارێ دەست نەکەن بە لێکۆڵینەوەکان بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆک بایدن.

مککارتی لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز وتی " ئەگەر دابخرێین، سەرجەم حکومەت دادەخرێت، لێکۆڵینەوەکان و هەمووشتێکی تر."

لە داخستنەکەی ساڵەکانی 2018 و 2019 دا، کۆشکی سپی مۆڵەتی پشوویدا بە 1100 کارمەند لە کۆی 1800 کارمەندی ئۆفیسی جێبەجێکاری سەرۆک.

لێکۆڵینەوەکان بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆک بایدن سەنگییان خستووەتە سەر مامەڵە بازرگانییەکانی دەرەوەی هانتەر بایدنی کوڕی. کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەرۆک بایدن سوودی لە کارەکانی کوڕەکەی وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکییان نەدۆزیوەتەوە کە پشتگیری لەو بانگەشەیەیان بکات. کۆشکی سپی دەڵێت سەرۆک هیچ شتێکی هەڵەی نەکردووە و کۆمارییەکانیش هیچ بنەمایەکییان نیە بۆ لێپێچینەوە.

وتەبێژی کۆشکی سپی ئییان سامس وتی " ئەوان دەبێت وەڵامی ئەرکە سەرەکییە دواکەوتووەکانییان بدەنەوە کە زیان بە گەلی ئەمەریکا دەگەیەنن بۆ ئەوەی بتوانن یاری سیاسەت بکەن."

کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە بە جیاوازییەکی کەم باڵا دەستن لە ئەنجومەنەکەدا، دەڵێن هەوڵی بە دەستهێنانی تۆمارە تایبەت و بازرگانییەکانی هانتەر بایدن و جەیمس بایدن دەدەن، کە دەکاتە برای سەرۆک بایدن، هەروەها هەوڵی گەواهیدانی چەند بەرپرسێکی دیاریکراو دەدەن.

ئەندامی کۆمیتەی دادوەریی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ترۆی نیڵسی کۆماری دەڵێت " حکومەت دابخرێت یان نا، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارەکانمان، ئیتر ئەگەر کاری تاکەکەسی بێت یاخود کۆمیتەکە بە گشتی." کۆمیتەکە یەکێکە لەو سێ سەکۆیەی کە لە ناوەڕاستی لێپێچینەوەکەدایە.

چەندین یاسادانەری کۆماری دەڵێن پێیان وایە داخستنی حکومەت لێکۆڵینەوەکە خاو دەکاتەوە.

داڕێڵ ئیسای ئەندام لە کۆمیتەی دادوەری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەڵێت "هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە سەرجەم بەڕێوبەرایەتییەکە وەڵامی هیچ پرسیارێک نادەنەوە و داخستنەکە وەکو بیانوویەک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی ئەو خەڵکانە بنێرنەوە بۆ ماڵەوە کە وەڵام دەدەنەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG