Accessibility links

داخستنی بەشێکی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا پـێی نایە مانگی دووەمیـیەوە


داخستنی بەشێک لە دامودەزگاکانی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا مانگێکی تێپەڕاند، ئەمەش لە ئاکامی ناکۆکی نێوان سەرۆک ترامپ و دیموکراتەکانی کۆنگرێس لەسەر دروستکردنی دیوارێک بە درێژایی سنوورەکانی ئەمەریکا لەگەڵ مەکسیکدا.

لەوەتای 22 ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە کۆنگرێسی ئەمەریکا لەگەڵ کۆشکی سپی لەسەر بوجەی حکومەتی فیدراڵی ڕێنەکەوتوون، بەهۆی قایل نەبوونی دیموکراتەکان لە تەرخانکردنی 5.7 ملیار دۆلاری ئەو بوجەیە بۆ دروستکردنی دیوارەکە کە یەکێکە لە بەڵێنەکانی سەرۆک ترامپ بۆ لایەنگرانی لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا. سەرۆک ترامپ دەڵێت بەو دیوارە ڕێگە لە کەسانی خرابکار دەگیرێت ڕوو لە وڵاتەکە بکەن و هەروەها ڕێگە لە بازرگانی مادە هۆشبەرەکان دەگرێت و بەوەش ڕێژەی تاوان لە وڵاتەکەدا کەم دەبێتەوە.

دیموکراتەکانی نێو کۆنگرێس کە نانسی پـلوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتۆر چەک شومەر ڕێبەرایەتیـیان دەکەن، دەڵێن دروستکردنی دیوارێکی لەو جۆرە کارێکی نا ئەخلاقیـیە و پارەیەکی زۆری دەوێت و سوودی نیـیە، بەڵکو دەکرێت بە ڕێگای پـێشکەوتووی تەکنیکی چاودێری سنوورەکان بکرێت و ڕێگە لە کۆچبەرانی نایاسایی بگیرێت، بۆیە قایل نابن بە تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ دروستکردنی ئەو دیوارە.

کۆماریـیەکان کە لەم مەسەلەیە پشتیوانی سەرۆک ترامپ دەکەن کەوتوونەتە ناکۆکیـیەکی گەورەوە لەگەڵ دیموکراتەکاندا، هەر لایەکیان ئەوی دیکەیان بە هۆکاری ئەم دۆخە تاوانباردەکات و هەتا ئێستا هیچ لایەکیان ئامادە نیـیە لە هەڵوێستی خۆی پاشگەزببێتەوە یان پـێکەوە هەوڵبدەن بە ڕێکەوتنێک مامناوەندی بگەن.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی هەرگیز نەمدیوە کۆماریـیەکان لەسەر بابەتێک هێندەی ئەم بابەتە یەکگرتووبن. جارێکی دیکە بۆچوونەکەی دووپاتکردەوە کە بە دروستکردنی ئەو دیوارە، ئەوا تاوان و ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکەدا کەم دەبنەوە.

هاوکات نانسی پـلۆسی لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی ئەنجومەنی نوێنەران کە دیموکراتەکان تیایدا زۆرینەن لەم هەفتە دەنگ لەسەر زۆر پـرۆژە بڕیاری پەیوەست بە دەستبەکاربوونەوەی حکومەت و ئاسایشی سنوور دەدەن. پاشان سەرۆک ترامپ و سیناتۆر میچ مەککۆنەڵی ڕێبەری کۆماریـیەکان لە ئەنجومەنی سیناتی تاوانباردەکات بە بارمتەگرتنی ئەمەریکایـیەکان، وە داوایان لێدەکات بوجەکە پەسەندبکەن تاوەکو کۆتایی بە داخستنی حکومەت بهێنرێت.

سیناتۆر میچ مەککۆنەڵ پاش دوو کاژمێر لە تویتەکەی نانسی پـلۆسی نووسیویەتی دەتوانرێت بە پـێشنیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا حکومەت بە تەواوی دەستبەکارببێتەوە. دەڵێت لە ئێستادا ئەوە تەنیا پـێشنیارە لە بەردەستیاندایە کە دەکرێت سەرۆک واژوی بکات و دەستبەجێ حکومەت دەستبەکارببێتەوە.

بەهۆی نەبوونی بوجەی حکومەتی فیدراڵ، نزیکەی 800 هەزار کارمەند و فەرمانبەری فیدراڵ بەبێ موچە ماونەتەوە و زۆربەیان کارەکانیان وەستێنراوە. هەرچەندە کۆنگرێس و کۆشکی سپی بڕیارێکیان پەسەندکردووە بۆ پـێدانەوەی هەموو موچەکان لە پاش پەسەندکردنی بوجە، بەڵام هێشتا کارمەندانی حکومەت نیگەران لەوەی ئەم دۆخە ناهەموارە هەتا کەی درێژە دەکێشێت.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئەم ماوە درێژە بەشێکی دامودەزگاکانی حکومەت دابخرێن.

XS
SM
MD
LG