بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیای گوگڵ وتی هاککەرانی چین کە حکومەتی پەکین پشتیوانیان لێدەکات کارمەندانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی کاندیدی دیموکراتەکانی ئەمەریکا جۆ بایدنیان کردۆتە ئامانج.
بەرپرسەکە وتیشی هاککەرە ئێرانیەکانیش لەمدواییانەدا ئیمەیڵی کارمەندانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک ترامپیان کردۆتە ئامانج.
سەرۆکی گروپی شیکاریکردنی هەڕەشەکان لە گوگڵ شین هەنتڵی ئەم ڕاگەیاندراوەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاوکردەوە، ئەمەش نوێترین ئاماژەیە لەسەر سیخوڕیکردنی ئەلیکترۆنی و کردنە ئامانجی سیاسەتمەدارە باڵاکان.
هەنتڵی وتی " هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر ئەوەی ئەم هەوڵانە زیانیان گەیاندبێت بە هیچ کام لە هەڵمەتەکان."
پێشتر هەوڵەکانی ئێران بۆ هاککردنی ئیمەیڵی بەرپرسانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک ترامپ ئاشکرا بووە، ساڵی ڕابردوو کۆمپانیای مایکرۆسۆفت وتی گروپێک بە ناوی " چارمین کیتن " هەوڵیانداوە ئیمەیڵی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا هاک بکەن، بەڵام ئاماژەی نەدا بەدیاریکراوی کام هەڵمەت کراوەتە ئامانج، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدا هەڵمەتەکەی سەرۆک ترامپ بووە.
یەکێک لە نوێنەرانی گوگڵ وتی " هۆشیاری خۆمان لەسەر ئەو هێرشانە ڕەوانەی ئەو بەکارهێنەرانە کردووە کە کراونەتە ئامانج، بەدیاریکراوی ئەو هێرشانەی لەلایەن حکومەتەکانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت، هەروەها ئەم زانیارییانەمان بۆ دەسەڵاتەکانی چەسپاندنی یاسای ئیتیحادی ناردووە."
لە ئێستادا دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتاندا لەڕێی هاککردنەوە بۆتە جێی نیگەرانی حکومەتەکانی دنیا، ئەمەش بەتایبەتی دوای ئەوەی دەزگاکانی هەواڵگری ئەمەریکا گەیشتن بەو ئەنجامەی کە ڕوسیا سەرپەرشتی پڕۆسەیەکی هاککردنی کردووە بۆ پەکخستنی پڕۆسەی دیموکراسی لە ئەمەریکا لە ساڵی 2016 دا و یارمەتیدانی سەرۆک ترامپ تاوەکو ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا.
وتەبێژی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی جۆ بایدن وتی " ئێمە ئاگاداری ڕاپۆرتەکانی گوگڵین سەبارەت بەوەی لایەنێکی بیانی هەوڵیداوە ئیمەیڵی کارمەندانی هەڵمەتەکە هاک بکات. لە سەرەتاوە زانیومانە هەڵمەتەکەمان ڕووبەڕووی ئەم جۆرە هێرشانە دەبێتەوە و ئێمە ئامادەین بۆی."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز