Accessibility links

ڕۆژنامەیەکی سویسرا: ئەڵمانیا دەیەوێت تانکە لیۆپاردەکانی سویسرا بکڕێت و بیاندات بە ئۆکرانیا


ڕۆژنامەی تاگەزانزایگەی سویسرا بڵاویکردەوە لەگەڵ تانکەکانی لیۆپاردی 2 دا، کۆمپانیای چەکی ڕاینمیتاڵی ئەڵمانیا دەیەوێت 96 تانکی لیۆپاردی 1 لە کۆمپانیای ڕواگی بەرگری سویسرا بکڕێت و بیاندات بە ئۆکرانیا.

گرێبەستەکە لیۆپاردە بەکارهاتوو و نوێیەکانیش دەگرێتەوە، کە کۆمپانیای ڕواگ لە ساڵی 2016 لە ئیتاڵیا کڕینی و هێشتا لەوێن.

وتەبێژێکی کۆمپانیای ڕواگ بە ڕۆژنامە سویسرییەکەی وت " ڕاینمیتاڵ دەیەوێت تانکەکان بکڕێت و ڕوونیشی کردۆتەوە کە دەیەوێت دوای ئەوەی نوێ دەکرێنەوە ڕەوانەی ئۆکرانیایان بکات."

بەپێی ڕۆژنامەکە، ڕواگ داوای ڕوونکردنەوەیەکی سەرەتایی ناپابەندکاری لە سکرتاریەتی دەوڵەت بۆ کاروباری ئابووری کردووە و وەڵامێکی نەرێنی وەرگرتووە.

بەڵام هێشتا دەکرێت گرێبەستەکە واژۆ بکرێت و پێدەچێت لە ئەنجومەنی فیدڕاڵی سویسرا تاوتوێ بکرێت، بەڵام بە دیاریکراوی نەزاندراوە کەی ئەوە ڕوودەدات.

لیۆپاردی 1 تانکێکی سوکترە لە لیۆپاردی 2، هەروەها بزوێنەرەکەشی بچووکترە و مەودای تەقەکردنیشی کورتترە، بەڵام دەوترێت لیۆپاردی 1 دەتوانێت دژی تانکە ڕووسییەکانی T-72 دا بوەستێت.

ڕۆژی هەینی حکومەتەکانی ئەڵمانیا و سویسرا وتیان ئەڵمانیا داوای لە سویسرا کردووە هەندێک لە لیۆپارد 2 ەکانی پێ بفرۆشێتەوە، کە پێشتر سویسرا لە ئەڵمانیای کڕیبوو، ئەمەش لە گرێبەستێکدا کە ڕێگە بە هاوپەیمانێتییەکەی ڕۆژئاوا دەدات پشتیوانییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکرانیا زیاتر بکات.

لە نامەیەکدا کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت زۆر سوپاسگوزار دەبێت ئەگەر سویسرا بتوانێت گرێبەستەکەی فرۆشتنی تانکی لیۆپاردی 2 بە ڕاینمیتاڵ پەسەند بکات، وەکو چۆن لە ڕابردوودا ئەو کارەی کردووە.

لە نامەکەدا دەڵێت " تانکەکان نافرۆشرێنە سەر ئۆکرانیا. گرەنتی ئەوە دەدەین کە تانکەکان لە ئەڵمانیا دەمێننەوە یاخود لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپادا، ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە دروست بووە بەهۆی ڕەوانەکردنی تانکەکانی لیۆپاردی دووەوە بۆ ئۆکرانیا، هەروەها بۆ باشکردنی دابینکردنی پارچەکان بە گشتی."

بەپێی یاساکانی بێلایەنی سویسرا و قەدەغەکردنێکی جیای هەناردەکردنی چەک، لەسەر سویسرا قەدەغە کراوە ڕاستەوخۆ چەک ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG