Accessibility links

ئەڵمانیا کڕینی تانکی پوما ڕادەگرێت


وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کریستین لامبرێخت
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کریستین لامبرێخت

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کریستین لامبرێخت دەڵێت ئەڵمانیا هیچ تانکێکی دیکەی پوما ناکڕێت هەتاوەکو نەیسەلمێنن کە دەتوانرێت پشتییان پێببەسترێت، ئەمەش دوای ئەوەی چەند تانکێکی لەو جۆرە لە میانەی مەشقە سەربازییەکاندا کێشەیان بۆ دروست بووە و لە کارکەوتوون.

لامبرێخت وتی " لە کارکەوتنەکانی ئەمدواییانەی تانکی شەڕکەری پوما شکستێکی گەورەیە." وتیشی داوای ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەو بابەتە کردووە.

دوابەدوای ڕاگەیاندنەکەی لامبرێخت، پشکی کۆمپانیای ڕاینمێتاڵ کە شان بە شانی کۆمپانیای کراوس مافی وێگماندا تانکەکە دروست دەکەن، لە سەدا 7 کەمی کرد.

لامبرێخت وتی " هێزەکانمان دەبێت بتوانن پشت بە سیستمەکانی چەک ببەستن." هاوکات هاوپەیمانێتی ناتۆی دڵنیا کردەوە لەوەی دەتوانن پشت بە بەرلین ببەستن لە پابەندبوون بە بەرپرسیارێتییەکانەوە.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیادا هاتووە دەڵێت ئامانجەکە ئەوەیە تانکەکانی پوما بە زووترین کات بخرێنە کارکردنەوە. هاوکات سوپای ئەڵمانیا وتی لە 1 ی مانگی یەکەوە تانکی ماردەر بەکاردەهێنن کە مۆدێلێکی پێش پومایە.

جێی ئاماژەیە ئەڵمانیا بەڵێنیداوە خەرجی بەرگری زیاتر بکات و سوپاکەی نوێ بکاتەوە، حکومەتەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزیش لە بودجەی ئەم ساڵدا 11 ملیار یۆرۆی بۆ بەرگری تەرخان کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG