وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک ڕۆژی دووشەممە پێش کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا وتی ئەڵمانیا پێشنیاری سەپاندنی سزای زیاتر دەکات بەسەر ڕووسیادا لەسەر مەرگی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی زیندانیکراوی ڕووسیا ئالێکسی ناڤاڵنی.
وەزیرەکان پێشتریش بڕیاربوو تاوتوێی خولێکی دیکەی سزاکان بکەن دژی ڕووسیا، ئەمەش 13 هەمین جار دەبێت یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت بەهۆی جەنگەکەیەوە لە ئۆکرانیا.
هەنگاریا تەنها وڵاتی یەکێتی ئەوروپایە کە هێشتا سەپاندنی سزاکانی بەسەر نزیکەی 200 کەس و کۆمپانیادا پەسەند نەکردووە.
دیبلۆماتکاری باڵای یەکێتی ئەوروپا وتی بەرپرسانی زیندانی ڕووسیا کە پەیوەندییان بە مەرگی ناڤاڵنییەوە هەبووە دەکرێت بخرێنە لیستی ڕەشەوە.
خێزانەکەی ناڤاڵنی، یولیا ناڤالنایا ڕۆژی دووشەممە وتی بەردەوام دەبێت لە شەڕەکەی هاوسەرەکەی بۆ ئازادکردنی ڕووسیا، هەروەها داوای لە لایەنگرانی کرد بە توڕەییەکی ئێجگار زۆرەوە ڕووبەڕووی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ببنەوە.
بێربۆک وتی هیوادارە 27 وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا بەمزووانە ڕازی ببن بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا. بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێن ئەگەر هەنگاریا گڵۆپی سەوز بۆ سزاکان دابگیرسێنێت ئەوا دەکرێت تاوەکو ڕۆژی چوارشەممە سزاکان پەسەند بکرێن.
بێربۆک وتی " ئەو هێزە دڕندەیەمان بینی کە سەرۆکی ڕووسیا بەکاری دەهێنێت بۆ سەرکوتکردنی دانیشتوانەکەی خۆی کە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان دەکەن بۆ ئازادی یاخود لە ڕۆژنامەکاندا لەسەری دەنووسن. پێشنیاری سزای نوێ دەکەین لە نێوەندی مەرگی ئالێکسی ناڤاڵنیدا."
ڕۆژی هەینی ڕابردوو ناڤاڵنی لە زیندانێکی جەمسەری باکووردا گیانی لە دەستدا، پێش دووەمین ساڵیادی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیادا.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ وتی " وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بێگومان پێشنیاری سەپاندنی سزا دەکەن بەسەر ئەوانەدا کە بەرپرس بوون. گەورەترین بەرپرس پوتن خۆیەتی."
وتی " دەتوانین بە پێکهاتەی سیستمی زیندانی ڕووسیادا بڕۆینە خوارەوە، بەڵام بیرتان نەچێت کێ بە ڕاستی بەرپرسە لە مەرگی ناڤاڵنی."
سزا پێشنیارکراوەکان کە تاوەکو ئێستا تەنها هەنگاریا پەسەندی نەکردووە، سەرمایەی نزیکەی 200 کەس و کۆمپانیا سڕ دەکات، هەندێکییان لە دەرەوەی ڕووسیاشن بەڵام دەوترێت دەستییان هەیە لە جەنگەکەدا، یاخود سزاکانی ئێستا پێشێل دەکەن.
هەنگاریا کە سەرۆک وەزیرەکەی ڤیکتۆر ئوربان دەڵێت " شانازی " دەکات بە پەیوەندییەکانییەوە لەگەڵ ڕووسیادا، پێشتریش سەپاندنی سزاکانی یەکێتی ئەوروپای بەسەر ڕووسیادا دواخستووە، هەروەها ڕێککەوتنەکانی یەکێتی ئەوروپاشی دواخستووە بۆ یارمەتیدانی کیێڤ لە ڕووی داراییەوە. ئەو جۆرە ڕێوشوێنانە پێویستی بە کۆی دەنگی وڵاتانی یەکێتییەکە هەیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئەڵمانیا هەوڵی سزای زیاتری یەکێتی ئەوروپا دەدات دژی ڕووسیا بەهۆی مەرگی ناڤالنییەوە
