ڕۆژنامەی بیڵد ئام زۆنتاگی ئەڵمانی بڵاویکردەوە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگیدا پێش کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوت لە کۆتایی مانگی شەشدا سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەکەن.
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە حکومییەکانی فەڕەنسا و ئۆکرانیاوە هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە.
وتەبێژێکی حکومەتی ئەڵمانیا بە ڕۆیتەرزی وت " ناتوانین ئەمە پشتڕاست بکەینەوە." کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنساش ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر هەواڵەکە بدات. حکومەتی ئیتاڵیاش تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر نەداوە.
لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، هیچ کام لە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی فەڕەنسا و سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا سەردانی کیێڤیان نەکردووە.
لە سەرەتای جەنگەکەوە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا پاراستووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز