Accessibility links

ژمارەی پەنابەران و پەناخوازان لە ئەڵمانیا زیادی کردووە


حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 224,000 کەس داوای پەنابەرێتی کردووە لە ئەڵمانیادا، زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری ئۆکرانیش بەهۆی جەنگەکەی ڕووسیاوە هاتوونەتە وڵاتەکەوە.

زۆرترینی پەناخوازەکان سوری بوون، دوای ئەوەش ئەفغانی و تورکی و عێراقی بوون. پەنابەرانی ئۆکرانیا پێویست ناکات داوای پەنابەرێتی بکەن، چونکە ئەوان دەستبەجێ مافی نیشتەجێبوون بۆ ماوەیەکی کاتی وەردەگرن.

بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2021 دا، ساڵی ڕابردوو ژمارەی پەناخوازەکان بە ڕێژەی لە سەدا 27.9 زیادیکردووە، بە تایبەتی لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2022 دا، ژمارەکە زیادیکرد لە کاتێکدا کە پەناخوازان هەوڵیاندا لە ڕێی ڕێگای باڵکانەوە بگەنە ئەڵمانیا.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا نانسی فەیسەر وتی " جەنگە دوژمنکارییەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دژی ئۆکرانیا گەورەترین جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکانی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ئەوروپا دروست کرد." هەروەها سوپاسی ئەڵمانییەکانیشی کرد لەسەر پێشوازیکردنیان لە پەنابەرانی ئۆکرانی و پشتیوانیکردنیان.

فەیسەر وتی " لە بەشەکانی دیکەی جیهانیشدا خەڵکەکە لە دەست جەنگ و تیرۆر هەڵدێن، ئەوەش لە زیادبوونی داواکاندا بۆ مافی پەنابەرێتی لە ساڵی 2022 دا دەرکەوتووە."

وتیشی حکومەتی ئەڵمانیا هەوڵی ئەوە دەدات ئەوانەی دەگەنە ئەڵمانیا خێراتر لە جاران یەکییانبخات لەگەڵ وڵاتەکەدا، ئەوەش لە ڕێی دەستبەجێ پێدانی وانەی زمان و کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دیکەوە. حکومەت لە هەمان کاتیشدا هەوڵ دەدات ڕەوانەکردنەوەی ئەو پەناخوازانە خێراتر بکات کە دۆسییەکانیان ڕەت کراونەتەوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG