ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا لەوانەیە پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕوسی ڕابگرێت ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیا داگیربکات.
پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕوسی کە لە ئێستادا تەواو بووە و چاوەڕێی پەسەندکردنیەتی لەلایەن ئەڵمانیاوە، ڕاستەوخۆ گازی ڕوسی دەگوازێتەوە بۆ ئەڵمانیا.
جێی ئاماژەیە لە هەوڵێکی دیکەی سیاسی ئەمەریکادا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا لەسەر ئۆکرانیا، ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن سەردانی ئۆکرانیا دەکات و دواتر گەشت دەکات بۆ ئەڵمانیا و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و فەڕەنسادا تاوتوێی هەوڵەکانیان دەکەن بۆ بەربەست دانان لەبەردەم دوژمنکاری زیاتری ڕوسیا دژی ئۆکرانیا.
لەکاتێکدا ترس و نیگەرانیەکان لەسەر هەڵگیرسانی جەنگ زیادبووە، لە ماوەی ڕابردوودا بەڕیتانیا ڕایگەیاند دەستیکردووە بە ڕەوانەکردنی چەکی دژە تانک بۆ ئۆکرانیا. وەزیری دەرەوەی کەنەداش سەردانی ئۆکرانیای کرد و جەختی لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا کردەوە.
بە هەمان شێوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی ئۆکرانیای کرد و دواتر بەرەو ڕوسیا بەڕێکەوت و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا کۆبۆوە. ئەمەش وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەگەر ڕوسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا ئەوا دواتر دەناڵێنێت. ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز ئاماژەی بەوەدا وەڵامی بەرلین لەوانەیە ڕاگرتنی پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 ش بگرێتەوە.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگدا، شۆڵز وتی " ئەوە ڕوونە کە باجێکی گەورەی دەبێت و دەبێت هەموو شتەکان تاوتوێ بکرێن لەسەر ئەوەی ئایا دەبێت دەستوەردانی سەربازیی لە ئۆکرانیادا ئەنجام بدرێت یاخود نا."
لە ماوەی ڕابردوودا شۆڵز وتی ئەڵمانیا ئامادەیە بۆ سەپاندنی سزا لەحاڵەتێکدا ئەگەر ڕوسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا و لەو کاتەدا هەموو بژاردەکان تاوتوێ دەکرێن، لەوانەش پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 کە لە ئێستادا تەواو بووە، بەڵام هێشتا لەلایەن ئەڵمانیاوە پەسەند نەکراوە تاوەکو چالاک بکرێت.
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ دوابەدوای گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆکدا لە مۆسکۆ وتی پڕۆژەکە ئاسایشی وزەی ئەوروپا زیاتر دەکات ئەگەر چالاک بێت، وتیشی " هەوڵدان بۆ بە سیاسیکردنی پڕۆژەکە لەجیاتی سوود زیانی دەبێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز