Accessibility links

ئەڵمانیا دەڵێت گێڕانەوەی پەنابەرە تورکیاییەکان خێراتر دەکات


وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا وتی ئەڵمانیا و تورکیا ڕێککەوتوون لەسەر پلانێک کە تێیدا بەرلین ئەرکەکانی ڕەوانەکردنەوەی ئەو پەنابەرە تورکیاییانە خێراتر دەکات کە داواکانییان بۆ مافی پەنابەرێتی ڕەت کراوەتەوە.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا نانسی فەیسەر وتی " ئێستا گەیشتوونەتە خاڵێک کە ڕەوانەکردنەوە بۆ تورکیا دەکرێت زۆر خێراتر و کاریگەرتر بێت و تورکیاش خێراتر ئەو هاووڵاتییانەی وەردەگرێتەوە کە ڕێگەیان پێنادرێت لە ئەڵمانیا بمێننەوە."

وتیشی " ئەمە بلۆکێکی دیکەیە کە کۆچی نایاسایی سنووردارتر دەکات."

ڕۆژنامەی فرانکفورت زایتونگی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە تورکیا پێشنیاریکردووە هەفتانە زیاتر لە 500 هاووڵاتی وەربگرێتەوە کە بە " گەشتی تایبەت " ڕەوانەی تورکیا دەکرێنەوە.

لە بەرامبەردا ئەڵمانیا یاساکانی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی تورکیایی سووکتر دەکات، ئەو هاووڵاتییانەی کە دەیانەوێت بۆ گەشت و پشوو و بازرگانی سەردانی یەکێتی ئەوروپا بکەن.

ڕۆژنامەکە وتی پلانەکە دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆکردنی نێوان ئۆفیسەکانی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆیەکی گەرم دەکرێت لەسەر کۆچی نایاسایی لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا.

پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و تورکیا کە هەردووکیان ئەندامن لە ناتۆدا، هەستیارن، ئەڵمانیا ماڵی زۆرترین کۆچبەری تورکیاییە کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 3 ملیۆن کەس.

زۆرێکیان بەشێکن لە " کرێکارانی میوان " کە لە ساڵەکانی شەستەکان و حەفتاکاندا بانگهێشت کراون بۆ ئەڵمانیا.

حکومەتەکەی شۆڵز کەوتووەتە ژێر فشارێکی گەورەوە دوای ئەوەی زنجیرەیەک لە ڕووداوی تاوانی توندوتیژی و توندڕەویی لەلایەن پەنابەرانەوە لە ئەڵمانیادا ئەنجام دران.

ڕۆژنامەکە وتی سەرەتا 200 هاووڵاتی تورکیایی لە چەند گەشتێکی ئاسمانیدا لە چەند فڕۆکەخانەیەکی ئەڵمانیاوە ڕەوانەی تورکیا دەکرێنەوە.

لەسەروو ئەوەشەوە تورکیا وتوویەتی ئامادەیە هەفتانە زیاتر لە 500 کەس وەربگرێتەوە لە ئەڵمانیا، بەڵام ئەوانە بە " گەشتی ئاسمانی تایبەت " ڕەوانە دەکرێنەوە.

ڕۆژنامەکە وتی ساڵی ڕابردوو ژمارەی ئەو پەنابەرە تورکیاییانەی کە لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییان کردووە، زۆربەی ئەوانەی داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە کەمینە کوردەکانی تورکیا بوون.

لەم ساڵدا هاووڵاتییانی تورکیایی سێیەمین زۆرترین ژمارەی ئەو پەنابەرانە بوون کە داوای پەنابەرێتییان کردووە لە ئەڵمانیادا، دوای پەنابەرانی سوریایی و ئەفغانی.

بەڵام تەنها ژمارەیەکی کەمی داواکارییەکانی ئەمدواییانەی تورکیاییەکان پەسەند کراون.

بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە تورکیاییانەی کە لە ئەڵمانیا داوایان لێکراوە وڵاتەکە جێبهێڵن دەگاتە زیاتر لە 15,000 کەس.

بەڵام ساڵی ڕابردوو کەمتر لە 900 کەس ڕەوانەی تورکیا کراونەتەوە و هەزاران کەسیش فەرمانی ڕەوانەکردنەوەیان وەرگرتووە، ڕۆژنامەکە دەڵێت زۆرکات هۆکاری ئەوە ئەوە بووە کە پەنابەرەکان وتوویانە بەڵگەی گەشتی باوەڕپێکراوییان نیە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG