Accessibility links

لە هێرشێکی چەقۆدا لە ناو شەمەندەفەرێک لە ئەڵمانیا دوو کەس دەکوژرێن


بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن پیاوێکی فەڵەستینی تەمەن 33 ساڵ لە شەمەندەفەرێکدا هێرشێکی بە چەقۆ ئەنجامداوە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون و چەندین کەسی دیکە بریندار بوون، شەمەندەفەرەکە لە باکووری ئەڵمانیا لە نێوان کییڵ و هامبۆرگدا گەشتی کردووە.

پۆلیسی ویلایەتی شڵیسویگ هۆڵستینی سەر سنووری دانیمارک وتی پیاوەکە کە خۆشی بە سوکی بریندار بووە، لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەکرێت. لە وێستگەی شەمەندەفەرەکەدا لە گوندی برۆکستید دەستگیرکراوە.

بەرپرسان وتیان سێ کەسی دیکە بە سەختی بریندار بوون و چوار کەسی دیکە بە سوکی بریندار بوون.

پۆلیس دەڵێت هێشتا هیچ زانیارییەک نیە لەسەر پاڵنەری هێرشەکە. کەناڵی ئێن دی ئاڕی ناوچەکە لە زاری سەرچاوەکانی تیمی لێکۆڵینەوەکەوە بڵاویکردەوە پیاوەکە کە هەشت ساڵ لەمەوبەر لە غەزەوە هاتووە بۆ ئەڵمانیا، پێشینەی تاوانی هەبووە، هیچ بەڵگەیەکیش نیە لەسەر هەبوونی پاڵنەری سیاسی.

هێڵی ئاسنینی دۆیچە بان وتی پۆلیس لێکۆڵینەوە دەکات لە وێستگەی شەمەندەفەری برۆکستید، وتیشی هەندێک لە خزمەتگوزارییەکانی نێوان دوو شارەکە هەڵوەشێندراونەتەوە.

وەزیری ناوخۆی ویلایەتەکە سابین سوتێلین واک لە بەیاننامەیەکدا وتی پۆلیس فیدڕاڵ و پۆلیسی ویلایەتەکە پێکەوە کاردەکەن لە لێکۆڵینەوەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG