Accessibility links

وەزیری ئابووری ئەڵمانیا بەدووری دەزانێت وێستگە ناوەکییەکان بۆ پاشەکەوتکردنی گاز بەکارایی بهێڵدرێنەوە


وەزیری ئابووری ئەڵمانیا ڕۆبەرت هابێک
وەزیری ئابووری ئەڵمانیا ڕۆبەرت هابێک

وەزیری ئابووری ئەڵمانیا ڕۆبەرت هابێک دەڵێت بەدووری دەزانێت ماوەی کارکردنی سێ وێستگە ناوەکییەکەی ئەڵمانیا بەمەبەستی پاشەکەوتکردنی گاز درێژبکرێتەوە، گوتیشی بەلایەنی زۆرەوە لە سەدا 2 ی گاز پاشەکەوت دەکەن.

ئەڵمانیا تەنها سێ وێستگەی ناوەکی ماوەتەوە کە هێشتا کاردەکەن و دانەخراون.

لە ماوەی ڕۆژی دەرگا کراوەیی حکومەتدا، هابێک لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هاوڵاتیانی وڵاتەکە وتی ئەو پاشەکەوتە ئەوەندە نیە کە شایستەی ئەوە بێت دووبارە گفتوگۆ بکرێتەوە لەسەر دەستبەرداربوون لە وزەی ناوەکی.

ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ یاسایەکی پێشکەش کرد بۆ ڕاگرتنی بەکارهێنانی وزەی ناوەکی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، ئەوەش دوای کارەساتە ئەتۆمییەکەی فوکوشیمای ژاپۆن لە ساڵی 2011 دا. زۆرینەی دەنگەکانیش لەبەرژەوەندی داخستنی وێستگە ناوەکییەکانی ئەڵمانیا بوون. بەڵام لە ئێستادا و لە نێوەندی ترس و نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە قەیرانی وزە لە وەرزی زستاندا، کە بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەکردنی گاز لە ڕووسیاوە دروست بووە، هەر سێ پارتە هاوپەیمانەکەی حکومەتی ئەڵمانیا ناکۆکن لەسەر ئەو بابەتە.

هابێکی ئەندام لە پارتی سەوز گوتی " بەو پاشەکەوتە کەمە بڕیارێکی هەڵە دەبێت " ماوەی کارکردنی وێستگە ناوەکییەکە درێژ بکرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دارایی ئەڵمانیا کریستیان لیدنەری پارتی دیموکراتی ئازاد جەختی لە هەڵوێستی خۆی کردەوە و گوتی باشترە ماوەی کارکردنی وێستگە ناوەکییەکان بۆ ماوەیەکی سنووردار درێژ بکرێتەوە وەک لەوەی وێستگەکانی وزەی خەڵوز کارابکرێنەوە.

وەزیری دارایی ئەڵمانیا گوتی " دەبێت هەموو ئەگەرەکان بهێڵینەوە." گوتیشی لەم بارودۆخەی ئێستادا کراوە دەبێت بەڕووی هەر بڕیارێکدا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی وێستگەکان " بۆ چەند ساڵێک."

وەزیری ئابووری ئەڵمانیا ڕۆبەرت هابێک سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی پاشەکەوتکردنی گاز وتی کراوە دەبێت بەڕووی درێژکردنەوەی ماوەی یەک وێستگەی ناوەکیدا، لە حاڵەتێکدا ئەگەر تاقیکردنەوەی فشارەکان دەریخست کە ئەمە پێویستە بۆ دڵنیابوونەوە لە جێگیری و دابینکردنی تۆڕی کارەبا لە وەرزی زستاندا.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز دەڵێت ئەنجامی تاقیکردنەوەی فشارەکان دەبێت لە کۆتایی ئەم مانگە یاخود سەرەتای مانگی داهاتوو دەربچن، وتیشی تەنها لەو کاتەدا بڕیار دەدرێت لەسەر ئەوەی ماوەی کاری وێستگە ناوەکییەکان درێژ بکرێنەوە یاخود نا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG