Accessibility links

ئەڵمانیا بەشێک لە خاڵە سنوورییەکانی دادەخات


لە هەوڵێکی دیکەیدا بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا، ئەڵمانیا خاڵە سنوورییەکانی لەگەڵ ناوچەی تیڕۆڵی نەمسا و کۆماری چیکدا داخست، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان وڵاتەکە و یەکێتی ئەوروپادا.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆرست زیهۆڤەر لە ڕۆژنامەی بیڵددا ڕوونی کردەوە " ئەو کەسانەی کە هەندێک لە هەڵاوێردنە مۆڵەت پێدراوەکان نایانگرێتەوە ناتوانن بێنە ناو خاکی ئەڵمانیاوە."

هاتوچۆکردن لە خاڵە سنوورییە داخراوەکاندا تەنها بۆ ئەڵمانیەکان و ئەو کەسانە دەبێت کە دانیشتووی ئەڵمانیان، هەروەها کارمەندانی سنوورەکان و ئەوانەی کە کاری ستراتیژییان هەیە دەتوانن بە خاڵە سنوورییەکاندا تێپەڕن، ئەمەش بە مەرجێک پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێبێت و هەڵگری ڤایرۆسەکە نەبن.

نزیکەی 1000 پۆلیس بەمەبەستی جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە نوێیەکە بڵاوکراونەتەوە، هەروەها کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی " دوێچە بان " گەشتەکانی بۆ ئەو ناوچانە ڕاگرتووە، هاوکات بەیانی ڕۆژی یەکشەممە پۆلیس چاودێری خاڵی گەیشتنی دەکرد لە فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت.

وتەبێژی هێزەکانی پۆلیس لە خاڵی کیڤەرسڤلیدن وتی " ئەوانەی کە ڕێگەیان پێنادرێت بێنە خاکی ئەڵمانیاوە لە قەراغ ڕێگاکە ڕیز دەکرێن و دواتر ئوتومبێلەکانی پۆلیس دێن بەڕێیان دەکەن بەرەو نەمسا."

هۆکاری گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنە نوێیە نیگەرانی و ترسی حکومەتی ئەڵمانیایە لە زیادبوونی ژمارەی توشبووان لەحاڵەتێکدا ئەگەر دوو جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا بڵاوببێتەوە.

پێدەچێت ڕێوشوێنی هاوشێوە لە خاڵی سنووری ناوچەی مۆزێلی فەڕەنسیدا بگیردرێتەبەر، کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت دوو جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە لەو ناوچەیەدا بڵاوبووبێتەوە.

کۆمسیاری ئەوروپا بۆ تەندروستی ستێلا کیریاکیدس بە ڕۆژنامەی ئۆگسبۆرگ ئەلغماینەی ئەڵمانی وت " ڤایرۆسەکە بە داخستنی سنوورەکان ڕاناگیرێت."

وتیشی " تەنها شت کە یارمەتیدەر بێت لە ڕاگرتنی ڤایرۆسەکەدا ڤاکسینەکان و ڕێوشوێنەکانی تەندروستین، بە بۆچوونی من هەڵەیە بە سنووری داخراوەوە بگەڕێیتەوە کیشوەرەکە."

لەلای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا وەڵامی لێدوانەکانی کۆمسیارەکەی دایەوە و وتی " ئیتر بەسە." وتیشی کۆمسیۆن " هەڵەی زۆری کردووە و پێویستە پشتیوانیمان بکەن لەجیاتی ئەوەی لەڕێی ئامۆژگارییەکانیانەوە کۆسپ بخەنە بەردەممان."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG