وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت سەردانەکەی سەرۆکی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان میشێل باچیلێی بۆ چین لە ئاست پێشبینییەکاندا نەبووە و نەیتوانیوە ڕوونکردنەوەیەکی ئاشکرا بدات لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی شینگیانگی چین.
وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەهۆی کۆتوبەندەکانی چینەوە، نەتوانراوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ بەربەست سەردانی خەڵکەکە و شوێنەکان بکرێت. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ڕاستەوخۆ نەتوانرێت هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە بکرێت."
وتەبێژەکە وتیشی هێشتا ئەڵمانیا پێشبینی ئەوە دەکات باچیلێی بەزووترین کات ڕاپۆرتەکەی سەبارەت بە بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی شینگیانگ ڕابگەیەنێت.
باچیلێی بۆ ماوەی شەش ڕۆژ سەردانی چینی کردوو و ڕۆژی شەممە سەردانەکەی کۆتایی هات، کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەخنەیان لە سەردانەکەی گرتووە، باچیلێی وتی داوای لە چین کردووە پێداچوونەوە بە سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بکات تاوەکو دڵنیا ببێتەوە لەوەی پابەند بێت بە یاسا نێودەوڵەتیەکانی مافەکانی مرۆڤەوە.
باچیلێی وتیشی سەردانی هەرێمی شینگیانگیشی کردووە، وتی سەردانەکەی بۆ ئەو هەرێمە لێکۆڵینەوە نەبووە لە سیاسەتی چین بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ، بەڵکو دەرفەتێک بووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی چیندا.
ساڵی ڕابردوو ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی باوەڕی وایە کەمینەکانی ویگۆری هەرێمی شینگیانگ بەشێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەرکراون و مامەڵەی خراپییان لەگەڵدا دەکرێت و بە ناچاری کارییان پێدەکرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئەڵمانیا دەڵێت سەردانەکەی سەرۆکی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چین لە ئاست پێشبینییەکاندا نەبوو
