Accessibility links

ئەڵمانیا: چین دەبێت لەسەر کردارەکانی بڕیاری لەسەر بدرێت نەک قسەکانی


وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریەس
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریەس

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریەس بە گومانەوە باسی لە پێشنیاری ئاگربەستەکەی چین کرد بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریەس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی ئەڵمانیدا وتی " کاتێک گوێم لە هەواڵەکان دەبێت، ئیتر نازانم ڕاستن یاخود نا، دەڵێن چین پلانی هەیە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کامیکازی بدات بە ڕووسیا و لە هەمان کاتیشدا پێشنیاری پلانێکی ئاشتی دەکات، لەبەر ئەوەی پێشنیار دەکەم بڕیار لەسەر کردارەکانی چین بدەین نەک قسەکانی."

ڕۆژی هەینی هاوپەیمانێتی ناتۆ و کۆمسیۆنی ئەوروپاش گومانییان هەبوو سەبارەت بەوەی چین جێی متمانە بێت وەکو نێوەندگر، ئەوەش دوای ئەوەی پەکین پێشنیارێکی ئاگربەستی بڵاوکردەوە.

ڕۆژی هەینی چین پێشنیارەکەی پێشکەشکرد، لە یەکەم ساڵیادی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا. سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی پێشوازی لە هەندێک لە بەندەکانی پێشنیارەکەی چین کرد، بەڵام وتی تەنها ئەو وڵاتەی کە شەڕ دەکات دەبێت دەستپێشخەری پلانی ئاشتییەکە بێت.

پیستۆریەس وتی ئەوە پەیوەستە بە کیێڤەوە بڕیار بدات کەی و لە ژێر چی هەلومەرجێکدا گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیادا بکات، هەمان شتیش بۆ هەر بڕیارێک لەسەر گرتنەوەی نیمچە دوورگەی کرایمیا کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014 دا لکاندی بە ڕووسیاوە.

وتی " کرایمیا ناوچەیەکی ئۆکرانییە و لەبەر ئەوە دەبێت بگەڕێندرێتەوە. بەڵام دووبارە: ئەمە بڕیارێک نیە ئێمە بیدەین."

زێلێنسکی دەڵێت لە کۆتاییدا هێزەکانی ئۆکرانیا سەرجەم هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچە داگیرکراوەکان دووردەخەنەوە، بە نیمچە دوورگەی کرایمیاشەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG