Accessibility links

پۆلیسی ئەڵمانیا سێ هاوڵاتی عێراقی دەستگیر دەکات


ئۆفیسی دادوەری یەکێتی ئەڵمانیا وتی پۆلیس سێ هاوڵاتی عێراقی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەوەی گومانی ئەوەیان لێدەکرێت پلانیان داڕشتبێت بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستی.

ئۆفیسەکە ئاماژەی بەوەدا دووان لە گومانلێکراوەکان دانیان بەوەدا ناوە کە لە کۆتایی ساڵی 2018 دا پلانیان داڕشتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشێک لە ئەڵمانیا.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " بەپێی ئەنجامەکانی ئێستا، گومانلێکراوەکان هێشتا ئامانجێكیان بۆ هێرشەکەیان دانەنابوو." هەر سێ کەسەکە لە ویلایەتی شلیسڤیش-هۆڵشتاین لە باکووری وڵاتەکە دەستگیرکران.

ئۆفیسی دادوەری یەکێتی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە ئینتەرنێت هەوڵیداوە فێرببێت چۆن بۆمب دروست دەکرێت و داوای ئامێرێکی تەقینەوەی کردووە لە یەکێک لە ناسیاوەکانی لە بەڕیتانیا. بەرپرسانی بەڕیتانیا ڕێگەیان نەداوە ئەو ئامێرە بچێت بۆ ئەڵمانیا.

هەروەها وتیشی " لەگەڵ ئەوەشدا گومانلێکراوەکان بیریان لە بەکارهێنانی ئوتومبێل کردۆتەوە بۆ ئەنجامدانی ‌هێرشەکەیان. لەبەر ئەوە یەکێکیان لە سەرەتای ساڵی 2019 دا وانەی فێربوونی شۆفێری وەرگرتووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG