Accessibility links

ئەڵمانیا: 25 کەس بە گومانی پلاندانان بۆ کودەتایەکی سەربازیی دەستگیرکراون


داواکاری گشتی فیدڕاڵی دەڵێت نزیکەی 3000 ئەفسەر لە 130 شوێنی 11 ویلایەتی ئەڵمانیادا پشکنینێکیان ئەنجامداوە دژی لایەنگرانی بەناو بزووتنەوەی هاوڵاتیانی ڕایک. هەندێک لە ئەندامانی بزووتنەوەکە دەستووری دوای جەنگی ئەڵمانیا ڕەت دەکەنەوە و داوایان ڕووخانی حکومەتی ئەڵمانیایان کردووە

وەزیری دادی ئەڵمانیا مارکۆ بوشمان هەڵکوتانە سەر شوێنەکانی گومانلێکراوانی بە " ئۆپەراسیۆنێکی دژە تیرۆر " ناوبرد، وتیشی گومانلێکراوان پلانییان بۆ هێرشێکی چەکداری دژی دامەزراوەکانی وڵاتەکە داڕشتووە.

بەرپرسی باڵای ئاسایشی ئەڵمانیا وتی گروپەکە " پاڵنەری خەیاڵی کودەتایەکی توندوتیژی و ئایدۆلۆژیای پلانگێڕییان هەبووە."

داواکاری گشتی ئەڵمانیا وتی 22 هاوڵاتی ئەڵمانیا بە گومانی " ئەندامێتییان لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیدا " دەستبەسەر کراون. سێ کەسی دیکە کە یەکێکیان هاوڵاتییەکی ڕووسییە، بەهۆی گومانی پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوەکەوە دەستبەسەر کراوە. 27 کەسی دیکەش لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.

ڕۆژنامەی دێر شپیگڵی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە ئەو شوێنانەی کە پشکنینیان بۆ کراوە بریتی بوون لە بنکە سەربازییەکانی یەکەی هێزی تایبەتی ئەڵمانیا کەی ئێس کەی لە شارۆچکەی کالوی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە. یەکەکە لە ڕابردوودا لێکۆڵینەوەی لێکراوە بەهۆی تێوەگلانی هەندێک لە سەربازەکانەوە لە چالاکییە ڕاستڕەوەکاندا.

داواکاری گشتی ڕەتی کردەوە پشکنینی بنکەکان پشتڕاست بکاتەوە یاخود ڕەتی بکاتەوە.

لەگەڵ دەستبەسەرکردنەکاندا لە ئەڵمانیا، داواکاری گشتی دەڵێت کەسێک لە شارۆچکەی کیتزبوهیلی نەمسا و کەسێکی دیکە لە شاری پیروگیای ئیتاڵیا دەستبەسەر کراون.

وتیشی ئەوانەی دەستبەسەرکراون گوایە ساڵی ڕابردوو " ڕێکخراوێکی تیرۆریستییان دروستکردووە بە ئامانجی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێستای ئەڵمانیا و دانانی شێوازی دەوڵەتی خۆیان."

وتیشی گومانلێکراوەکان ئەوەیان زانیوە کە ئامانجەکەیان تەنها دەبوایە لە ڕێی سەربازیی و بەکارهێنانی هێزەوە بە دەست بهێندرێت.

ئاماژەشیان بەوەداوە هەندێک لە ئەندامانی گروپەکە " ئامادەکاری تەواوییان کردووە " بۆ هەڵکوتانە سەر پەرلەمانی فیدڕاڵی ئەڵمانیا بە چەکی بچووکەوە. " وردەکاری ئەم پلانە هێشتا دەبێت لێکۆڵینەوەی لێبکرێت " تاوەکو یەکلا ببینەوە لەوەی ئایا هیچ کام لە گومانلێکراوەکان دەکرێت بە تاوانی ناپاکی تاوانبار بکرێن یاخود نا.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا نانسی فیسەر وتی " ئەرکەکان دەریخست دەزانین چۆن بەرگری لە خۆمان بکەین بە هەموو هێزمانەوە دژی دوژمنانی دیموکراسی."

وتیشی " لێکۆڵینەوەکان بەرچاو ڕوونییەک دەدەن لەسەر قوڵایی هەڕەشەی تیرۆر لە ناو بزووتنەوەی هاوڵاتیانی ڕایکدا. تەنها بە لێکۆڵینەوەی زیاتر وێنەیەکی ڕوونترمان دەبێت لەسەر ئەوەی پلانی کودەتاکە تاوەکو چەندێک ڕۆیشتووە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG