بەپێی بەڵگەنامەیەکی سوپای ئەڵمانیا کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی سێشەممە، هێزەکانی ئەڵمانیا کۆمەڵێک هێزی ئاسایشی ڕووسیایان لە فڕۆکەخانەی گاوی باکووری مالی بینیوە، ئەو ڕۆژەی کە فەڕەنسا دوایین سەربازەکانی لە مالی کۆکردەوە و کۆتاییان بە ئەرکەکانیان هێنا و مالییان جێهێشت.
بەشداریکردنی بەرلین لە ئەرکی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مالی جێی مشتومڕ بووە لە ئەڵمانیادا، لەکاتێکدا کە مالی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا قوڵتر دەکاتەوە.
چەکدارانی گروپی واگنەر کە کۆمپانیایەکی سەربازیی تایبەتە و پەیوەندی بە کرێملنەوە هەیە، لە ساڵی ڕابردووەوە پشتیوانی لە سوپای مالی دەکەن لە شەڕیاندا دژی یاخیبووە ئیسلامییەکان لەو وڵاتەدا.
ئەڵمانیا ئەرکە دیدەوانییە سەربازییەکانی لە مالی هەڵوەشاندۆتەوە، هەفتەی ڕابردوو نزیکەی 1000 سەربازی ئەڵمانیا ڕەوانەی گاو کراون، دوای ئەوەی بەرپرسانی مالی دووبارە مۆڵەتی گەشتەکەیانیانی ڕاگرت.
بەپێی بەڵگەنامەکە کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، سەرکردایەتی ئەرکە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەڵمانیا لە بەڵگەنامەکەدا دەڵێت ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی بەڕیتانیا و ئەڵمانیا دوو فڕۆکەیان لە فڕۆکەخانەی گاو بینیوە، فڕۆکەکانیش ئیمبرایر 314 سوپەر توکانۆ و ئێڵ – 39 ئەلباترۆس بوون.
لە بەڵگەنامەکەدا کە ئاڕاستەی لیژنەکانی بەرگری و کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا کراوە و بۆ یەکەمین جار گۆڤاری شپیگڵ ئاماژەی پێدا، تیایدا باس لەوە کراوە ڕووسیا لە هەفتەی ڕابردوودا فڕۆکەی هێرشبەری ئێڵ – 39 ی ڕادەستی هێزەکانی مالی کردووە.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە دەڵێت " دوای دوو کاتژمێر، 20 بۆ 30 کەس بە پۆشاکی سەربازییەوە کە سەر بە سوپای مالی نەبوون بیندراون و کەلوپەلەکانیان لە فڕۆکەیەکی گواستنەوەی مالی داگرتووە."
گوتیشی " بەدڵنیاییەوە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ڕووسیا بوون. هەروەها گریمانەی ئەوەش کراوە کە فڕۆکەکانی ئێڵ – 39 دەبێت لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کارییان پێبکرێت چونکە هێزەکانی ئاسایشی مالی ناتوانن ئەو کارە بکەن."
بەپێی بەڵگەنامەکە، هێشتا ڕوون نیە ئەو کارە چییە کە هێزەکانی ڕووسیا دەبێت لە گاو ئەنجامی بدەن.
هەروەها ئاماژەش بەوە دەدات ئەم ڕووداوە کاری نەکردۆتە سەر ئەرکەکانی ئەڵمانیا.
سوپای ئەڵمانیا لە بەڵگەنامەکەدا دەڵێت " لەگەڵ ڕەوانەکردنی هێزی ڕووسیا و دابینکردنی توانای بەنرخ لە فڕۆکەخانەی گاو لەلایەن ڕووسیاوە، هێزەکانی مالی بە پشتیوانی ڕووسیا بەردەوامن لە فراوانکردنی ناوچەی ئەرکەکانیان بەرەو باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە."
دوابەدوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 2012 لە مالی، مالی کۆشش دەکات بۆ کپکردنەوەی یاخیبوونی ئیسلامییەکان کە پەرەی سەندووە بۆ وڵاتانی دراوسێش و بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری ناوچەی ساحیلی ڕۆژئاوای ئەفریقادا.
لە مانگی دوودا فەڕەنسا ڕایگەیاند هێزەکانی لە مالی دەکشێنێتەوە، ئەوەش دوای نزیکەی 10 ساڵ شەڕکردن دژی یاخیبووەکانی مالی و پشتیوانیکردن لە هێزەکانی ئەو وڵاتە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز