Accessibility links

سەرۆک بوشی باوک لە تەمەنی 94 ساڵی کۆچی دوایی کرد


George H. W. Bush
George H. W. Bush

سەرۆکی پـێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جۆرج بوشی باوک George H. W. Bush ، لە تەمەنی 94 ساڵی کۆچی دواییکرد.

جێم مکگراث گوتەبێژی سەرۆک جۆرج بوشی باوک بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، سەرۆک بوشی باوک شەوی هەینی لە کاژمێر 10 ی شەو بە کاتی خۆجێیی لە شاری هیوستنی ویلایەتی تەکساس کۆچی دواییکرد.

هەروەها سەرۆک جۆرج بوشی کوڕ ئەویش لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە هەواڵەکەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی 41 هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێکردین.

سەرۆک ترامپ پاش بیستنی هەواڵەکە دەسـتبەجێ لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە بە ناوی خۆی و مەڵانیا ترامپ خانمی یەکەمی ئەمەریکا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەرۆک بوش کرد و باسی لە خزمەتەکانی بۆ وڵاتەکە کرد.

سەرۆک بوشی باوک لە ساڵی 1989 وە هەتا ساڵی 1993 سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو. زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە نێو کورددا ناسرا، لە پاش ئەوەی سنوورێکی بۆ تاوانەکانی سەدام حسێنی دیکتاتۆری پـێشووی عێراق دانا، کاتێک لە ساڵی 1991 ڕێبەرایەتی هێرشێکی گەورەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕزگارکردنی وڵاتی کوەیت لە داگیرکاری ڕژێمەکەی سەدام حسێن کە سەر ئەنجام ڕاپەڕێنی گەلانی عێراق و خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە و هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆ کەوتە ژێر پاراستنی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و لە هێرشەکانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن پارێزرا هەتا ئەو ڕۆژەی کۆتایی بە حوکمڕانی سەدام حسێن هێنرا لەسەر دەستی سەرۆک بوشی کوڕ.

سەرۆک بوشی باوک لە کاتی جەنگی جیهانی دووەم خوێندکاری زانکۆ بوو، کاتێک ئەمەریکا چووە ناو جەنگەکەوە، دەستبەجێ پەیوەندی بە لەشکرەوە کرد و بووە گەنجترین فڕۆکەوانی فڕۆکەکانی سەر کەشتیـیە جەنگیـیەکانی ئەمەریکا. هەتا جەنگەکە کۆتایی پـێهات ئەو لە خزمەتی سەربازی وڵاتەکەیدا مایەوە. پاشان گەڕایەوە بۆ خوێندن و لە زانکۆی یەیڵ کە یەکێکە لە زانکۆ ئاست بەرزەکانی ئەمەریکا درێژەی بە خوێندنەکەی خۆی دایەوە. ساڵی 1948 خوێندنی تەواوکرد و لەگەڵ خێزانەکەی ڕوویان لە ویلایەتی تەکساس کرد و لەوێ دەستیکرد بە کارکردن لە بواری کەرتی نەوت و لە تەمەنی 40 ساڵی لە ساڵی 1964 بووە خاوەنی کۆمپانیای نەوتی خۆی.

هاوکات تێکەڵ بە جیهانی سیاسەت بوو و لە ساڵی 1964 خۆی بۆ ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کاندیدکرد، بەڵام سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا. دواتر لە ساڵی 1966 خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کاندیدکرد و بووە نوێنەری بازنەی حەوتی تەکساس لە ئەنجومەنی نوێنەراندا. ساڵی 1971 لە لایەن سەرۆک ڕیچارد نیکسن لە پـۆستی نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانرا. پاشان لە سەردەمی سەرۆک جێراڵد فۆرد کرا بە باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ چین و دواتر لە ساڵی 1976 وە هەتا ساڵی 1977بوو بە سەرۆکی دەزگای زانیاری ئەمەریکا CIA.

لە سەردەمی سەرۆک ڕۆناڵد ڕیگن لە ساڵی 1981 وە هەتا ساڵی 1989 بوو بە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا. لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 1988 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە سەرۆکی ئەمەریکا. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1992 لە بەرامبەر بێڵ کلنتنی کاندیدی دیموکراتەکان شکستی هێنا. دواتر دەستبەرداری کاری سیاسی بوو و وەک چالاکوانێکی خێرخواز خزمەتی وڵاتەکەی کرد.

سەرۆک جۆرج هێربەرت واکەر بوش، بەوەی لە 12 ی مانگی شەشی ساڵی 1924 لە دایکبووبوو و ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 30 ی مانگی یازدەی ساڵی 2018کۆچی دوایی کرد، تەمەنی بوو بە 94 ساڵ و پـێنج مانگ، بەمەش بووە ئەو سەرۆکەی ئەمەریکا کە هەتا ئێستا درێژترین تەمەنی هەبووبێت.

XS
SM
MD
LG