Accessibility links

دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە سەبارەت بە بارمتەکان هەفتەی داهاتوو دەست پێدەکاتەوە


بەرپرسێکی نزیک لە بابەتەکەوە ڕۆژی شەممە وتی گفتوگۆکانی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە ڕێی نێوەندگرەکانەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان کە لە کەرتی غەززە گیراون بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەستپێبکەنەوە.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە، وتی بڕیاری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دوای ئەوە هاتووە کە بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیل ( موساد ) لەگەڵ بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیری قەتەڕدا کۆبووەتەوە، قەتەڕ لە ماوەی جەنگەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیلدا نێوەندگر بووە.

بەرپرسەکە وتی " لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردراوە کە لە هەفتەی داهاتوودا گفتوگۆکان لەسەر پێشنیارە نوێیەکانی نێوەندگرەکان، میسڕ و قەتەڕ و بە بەشداریی چالاکی ئەمەریکا، دەستپێبکەنەوە."

تاوەکو ئێستا هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی زیاتر لە 120 بارمتە کە لە ماوەی هێرشەکەی حەماسدا لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل ڕفێندراون، لە چوارچێوەی ئاگربەستێکدا شکستییان هێناوە.

هەردوولا لۆمەی یەکترییان کردووە لەسەر چەقبەستووییەکە. ئیسڕائیل وتوویەتی ناتوانێت داواکەی حەماس بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە پەسەند بکات، هاوکات فەلەستینییەکان دەیانەوێت زیندانییە فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە ئازاد بکرێن.

ئیسڕائیل جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەیەوێت حەماس لە کەرتی غەززەدا لە ناوببات، کە غەززە بەڕێوە دەبات و سوێندی خواردووە بۆ لە ناوبردنی ئیسڕائیل. چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە کە زیاتر لە حەوت مانگە بەردەوامە، بووەتە هۆی کاولبوونی زۆربەی ناوچەکانی کەرتی غەززە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG