Accessibility links

گانتز ڕەتی دەکاتەوە لەگەڵ ناتانیاهودا کۆببێتەوە


ڕابەری حیزبی شین سپی بێنی گانتز
ڕابەری حیزبی شین سپی بێنی گانتز

دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتووی نیشتیمانی ئیسڕائیل ئاستەنگی هاتە بەردەم دوای ئەوەی بێنی گانتزی ڕکابەری ناتانیاهو ڕەتی کردەوە لەگەڵ ناتانیاهودا کۆببێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ناتانیاهو وتی لەم هەفتەیەدا دوایین هەوڵی خۆی دەدات بگات بە ڕێکەوتنێک و پێدەچێت لەگەڵ گانتزدا کۆببێتەوە، ئەمەش دوای خولێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان هەردوو حیزب.

حیزبی شین سپی بە ڕابەرایەتی بێنی گانتز ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند " حیزبەکە هەر کۆبوونەوەیەک بێت دەیکات و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتووی بەرفراوان."

بەڵام ڕۆژی سێشەممە حیزبەکە وتی بارودۆخەکە هێشتا گونجاو نیە بۆ ئەنجامدانی وتوێژێکی چالاک لەنێوان دوو حیزبەکە و ڕابەرەکانیاندا.

هەڵبژاردنەکانی 17 ی مانگی 9 ی ئیسڕائیل کە هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە ناتانیاهوی لاواز کردووە کە تا ئێستا یەکەمین سەرۆک وەزیری ئیسڕائیلە ئەو ماوە دوورودرێژە لە پۆستەکەیدا مابێتەوە.

لە ماوەی شەش مانگدا ناتانیاهو لە دوو هەڵبژاردندا نەیتوانیوە لە بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، هەروەها ناتانیاهو ڕووبەڕووی لیستێک لە تۆمەتی گەندەڵی بۆتەوە و نکۆڵیان لێدەکات. حیزبی لیکۆد بە ڕابەرایەتی ناتانیاهو لەم هەڵبژاردنەی دواییدا 32 کورسی پەرلەمانی ئیسڕائیل ( کنیست )ی بەدەست هێنا لەکاتێکدا حیزبی شین سپی بە ڕابەرایەتی بێنی گانتز 33 کورسی بەدەست هێنا. کۆی کورسییەکانی پەرلەمانی ئیسڕائیل 120 کورسییە.

ڕۆژی یەکشەممە نوێنەرانی هەردوو حیزبەکە کۆبوونەوە بەڵام نەگەیشتن بە هیچ ڕێکەوتنێک و هەردوولا یەکتریان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی دروستکردنی ئەم قەیرانە سیاسییە ناوخۆییەی ئیسڕائیل.

لەبەرئەوەی هیچ کام لە ناتانیاهو و گانتز زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەست نەهێناوە، هەردووکیان دەکرێت بە تەنها حکومەت پێک بهێنن. هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئیسڕائیل ڕیئۆڤین ڕیڤلین ناتانیاهوی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی وڵاتەکە، ئەمەش بە هیوای ئەوەی هەردوو حیزبی لیکۆد و شین سپی بتوانن بگەن بە ڕێکەوتنێک بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوانیاندا.

ئەگەر ناتانیاهو نەتوانێت بگات بە ڕێکەوتنێک ئەوا واپێدەچێت سەرۆکی ئیسڕائیل داوا لە گانتز بکات حکومەتی داهاتوو پێک بهێنێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی گانتزیش بە هەمان شێوەی ناتانیاهو ڕێگەیەکی ڕوونی لەبەردەمدا نیە بۆ دەسەڵات گرتنەدەست.

گانتز بەڵێنیداوە بەشداری حکومەتێک نەکات کە سەرۆک وەزیرەکەی ڕووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی بۆتەوە. حیزبی شین سپی حیزبی لیکۆدی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی ئاستەنگ دەخەنە بەردەم دانوستانەکان بەهیوای ئەوەی هەڵبژاردنێکی دیکە ئەنجام بدرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG