وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت " بە توندترین شێوە " سەرکۆنەی گواستنەوەی موشەکی باڵیستیکی ئێرانییان کرد بۆ ڕووسیا.
ئێران ژمارەیەکی زۆر موشەکی باڵیستیکی زەوی بۆ زەوی ناردووە بۆ ڕووسیا و هاریکارییە سەربازییەکەی نێوان دوو وڵاتەکەی قووڵتر کردووەتەوە.
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە بەیاننامەیەکدا وتییان " ئێران دەبێت دەستبەجێ سەرجەم پشتیوانییەکانی بۆ جەنگە نایاسایی و بێ پاساوەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا ڕابگرێت و گواستنەوەی موشەکی باڵیستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆجیا پەیوەندیدارەکانی ڕابگرێت، کە دەبنە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر گەلی ئۆکرانیا و هەروەها ئاسایشی ئەوروپا و بە گشتی ئاسایشی نێودەوڵەتیش."
وتیشیان " ئێمە پابەندین بە بەرپرسیارێتییەکەمانەوە بۆ لێپێچینەوە لە ئێران لەسەر پشتیوانییە قبووڵنەکراوەکەی بۆ جەنگە نایاساییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کە ئاسایشی جیهان زیاتر دەخاتە مەترسییەوە. هاوشێوەی بەیاننامەکانی پێشوومان سەبارەت بەو بابەتە، ئێمە ڕێوشوێنی نوێ و گرنگمان گرتووەتەبەر."
لە ئێستادا ئیتاڵیا سەرۆکایەتی کۆمەڵەی حەوتی وڵاتانی دەوڵەمەند دەکات کە هەریەک لە ئەمەریکا و ژاپۆن و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و کەنەداش لە خۆدەگرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت سەرکۆنەی گواستنەوەی موشەکی باڵیستیکی ئێران دەکەن بۆ ڕووسیا