Accessibility links

کۆمەڵەی حەوت داوا لە بێلاڕوس دەکات کۆتایی بە قەیرانی کۆچبەران بهێنێت


وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت سەرکۆنەی " دروستکردنی قەیرانی نائاسایی کۆچبەرانیان کرد لەسەر سنوورەکان لەلایەن بێلاڕوسەوە "، لەکاتێکدا پۆڵەندا ئاماژەی بەوەدا هەوڵی دیکە دراوە بۆ بەزاندنی سنوورەکە.

وەزیرانی دەرەوەی کەنەدا و ژاپۆن و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان " داوا لە ڕژێمەکە دەکەین بەزووترین کات هەڵمەتە توند و چەوسێنەرەکەی ڕابگرێت تاوەکو ڕێگە لە مردن و ئازاری دیکە بگرێت. ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان پێویستیان بەوەیە بتوانن بەزووترین کات و بەبێ هیچ بەربەستێک یارمەتیە مرۆییەکان بگەیەنن."

وڵاتانی ئەوروپا سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی ئەوەی هانی هەزاران کۆچبەریداوە کە زۆرینەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوون بەشێوەیەکی نایاسایی سنووری یەکێتی ئەوروپا ببەزێنن، ئەوەش وەکو تۆڵەیەک لە سزاکانی یەکێتیەکە کە پێشتر سەپاندوویەتی بەسەر بێلاڕوسدا. بێلاڕوس ڕەتی دەکاتەوە بەمەبەست کۆچبەرانی لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکە و پۆڵەندا کۆکردبێتەوە.

کۆمەڵەی حەوت وتیان بێلاڕوس هەوڵدەدات " سەرنجەکان لەسەر پێشێلکارییەکانی لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و مافەکانی مرۆڤدا لاببات."

بەیاننامە هاوبەشەکەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت هاوسۆزی بۆ پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیاش دەربڕی کە سنوورییان بە سنووری بێلاڕوسەوەیە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG