Accessibility links

کۆبونەوەی گروپی-20 لە ڕۆما دەستپێدەکات


کۆبونەوەی گروپی 20 وڵاتانی پیشەسازی جیهان کە لە لایەن ئیتالیاوە میواندارێتی دەکرێت ئەمڕۆ شەممە لە ڕۆما دەستیپێکرد.

لەم کۆبونەوە لوتکەیەدا سەرکردەکانی وڵاتانی خاوەن ئابورییە گەورەکانی جیهان تیشک دەخەنە سەرگرفتە هاوبەشەکانیان لە ناویاندا هاتنەوە سەرخۆ لە پاش پەتای کۆرۆنا و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا.

فەرشی سوور لە نێوەندی کۆبونەوەی لانوفلا لە ڕۆما داخرا لە کاتێکدا سەرۆک وەزیری ئیتالیا مارییۆ دراگی بەخێرهاتنی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و ڕێبەرانی تری جیهانی کرد هاوکاتی ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە کۆڤید-19.

ئەم کۆبونەوەیە یەکەم کۆبونەوەی ڕاستەوخۆی ڕێبەرانی جیهانە لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا دوابەدوای کۆبونەوەی ساڵی ڕابردوو کە ئەوەیان بە ڕێگای ئۆنلاین بوو و عەرەبستانی سعودیە میوانداری کرد.

سەرکردە بەرچاوەکانی کە لەم کۆبونەوەیە ئامادە نین بریتین لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی چین شی ژینگپینگ و سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێڵ لۆپێز ئۆبرادۆر. ئەمانە بە ڕێگای ئۆنلاین بەشدار دەبن وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی گرفتەکانی پەتاکە لە وڵاتەکەیاندا.

ڕۆژی هەینی وەزیرانی تەندروستی و دارایی وڵاتانی گروپی 20 ڕاپۆرتێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تیایدا دەڵێن وابەستەن بە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە لە هەمو شوێنێک بە زووترین کات. ئەوان گوتیشیان گروپی 20 هەمو هەنگاوێکی پێویست دەنێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە جیهانییەکانی کوتانی بەلایەنی کەم %40 دانیشتوانی هەموو وڵاتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا هەتا کۆتایی ساڵی 2021 و %70 ی دانیشتوان هەتا ناوەڕاستی ساڵی 2022 هەر وەک چۆن لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاز کراوە.

XS
SM
MD
LG