Accessibility links

فەڕەنسا دەست دەکات بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە مالی


فەڕەنسا و هاوبەشە ئەوروپییەکانی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند دەستیان کردووە بە کشاندنەوەی هێزەکانیان لە مالی، کە لەوێ دژی چەکدارە ئیسلامییەکان جەنگاون. وتیشیان تاوەکو مانگی شەش پلانێکی دیکە دادەنێن لەسەر چۆنێتی بەردەوام بوونیان لە ئەرکەکانیان لە ناوچەکەدا.

پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و مالی گرژییان تێکەوت، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی سەربازی مالی پشتی کردە ئەو ڕێکەوتنەی کە تیایدا دەبوو لە مانگی دوودا هەڵبژاردن لە وڵاتەکەدا بەڕێوەبچێت، لەجیاتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە، ئەنجومەنەکە پێشنیاری کرد تاوەکو ساڵی 2025 لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە. هەروەها بەکرێگیراوانی کۆمپانیایەکی سەربازیی تایبەتی ڕووسی هێناوەتە مالییەوە کە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی دەڵێن هێنانی ئەو بەکرێگیراوانە لەگەڵ ئەرکەکەیاندا ناگونجێت.

بەیاننامەکە دەڵێت " بەهۆی کۆمەڵێک بەربەستەوە کە لەلایەن دەسەڵاتی کاتی مالییەوە دروستکراوە، کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپا کە لە چوارچێوەی ئەرکی بارخان و لەنێو هێزی تاکوبادا کاردەکەن، پێیان وایە چیتر بارودۆخی سیاسیی و یاسایی و ئەرکەکان گونجاو نین تاوەکو بەشێوەیەکی چالاک بەردەوام بین لە شەڕماندا دژی تیرۆر لە مالی."

کودەتا سەربازییەکانی مالی و چاد و بورکینا فاسۆ هاوپەیمانێتیەکەی فەڕەنسای لە ڕۆژئاوای ئەفریقا لاواز کردووە، کودەتاکان بوونەتە هۆی هاندانی جیهادییەکان کە خاکێکی زۆرییان کۆنتڕۆڵکردووە و دەرگایان لەبەردەم ڕووسیادا کردەوە تاوەکو بۆشاییەکە پڕبکاتەوە.

دیبلۆماتکاران پێیان وایە لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی توندوتیژییەکان لەوانەیە ببێتە هۆی لێشاوێکی کۆچکردن لە ڕۆژئاوای ئەفریقاوە بۆ ئەوروپا. هەروەها هەڕەشە لە ئەرکە نێودەوڵەتیەکان و سەقامگیری هاوبەشە ستراتیژییەکانی فەڕەنسا وەکو کواتیڤوار و سەنیگال دەکات.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی نایجەر ڕازیبووە میوانداری هێزەکانی ئەوروپا بکات کە دژی چەکدارە ئیسلامییەکان شەڕ دەکەن.

بەیاننامەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە واژۆ کراوە کە لە چوارچێوەی ئەرکی دژە تیرۆری بارخانی فەڕەنسی و هێزی تاکوبادا کاردەکەن، نزیکەی 14 وڵاتی ئەوروپییان تێدایە.

لە ساڵی 2013 ەوە فەڕەنسا هێزی لە مالی هەیە، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارە ئیسلامییەکان بەرەو پایتەختی مالی پێشڕەوییان دەکرد و هێزەکانی فەڕەنسا دووریانخستنەوە. ئیسلامییەکان لەو کاتەوە خۆیان ڕێکخستۆتەوە و هێرشی کوشندەیان لە سەرانسەری ناوچەکەدا ئەنجامداوە.

سەرچاوە سەربازییەکانی فەڕەنسا دەڵێن کشانەوەی هێزەکان لە مالی چەند مانگێک دەخایەنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG