Accessibility links

شارەزایانی فەڕەنسا بەڵگە لەسەر ئەگەری تاوانی جەنگ لە چێرنیهیڤی ئۆکرانیا کۆدەکەنەوە


داواکاری گشتی ئۆکرانیا دەڵێت شارەزایانی چەک لە فەڕەنساوە یارمەتی هاوتا ئۆکرانییەکانیان دەدەن لە کۆکردنەوەی بەڵگەکانی ئەگەری ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ لەلایەن ڕووسیاوە لە هەرێمی چێرنیهیڤی ئۆکرانیا.

شارەزایانی جەندرمەی فەڕەنسی کە شارەزایان تێدایە لە مۆدێلکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، موشەکی باڵیستیکی و چەکی کۆمەڵکوژدا، لەو شوێنانەی کە بۆردومانەکانی ڕووسیا خاپووری کردوون بەڵگە کۆدەکەنەوە.

شارەزاکان شوێنی ئەو تیمە شیکارییەیان گرتۆتەوە کە لە ناوەڕاستی مانگی چواردا یارمەتیدەر بوون لە لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بەوەی چی لە شارۆچکەی بوچای نزیک کیێڤ ڕوویدا، کە لەوێ ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی کوژرابوون و تەرمەکانیان لە سەرانسەری شارۆچکەکەدا جێهێڵدرابوون.

داواکاری گشتی ئۆکرانیا ئایرینا ڤێنێدیکتۆڤا وتی " نزیکەی دوو مانگە شارەزایانی فەڕەنسی لەگەڵماندان."

وتی " لە هەرێمی چێرنیهیڤ کاردەکەن و توێژینەوەیەک لەو شوێنانەدا ئەنجام دەدەن کە بۆردومانەکان خاپووری کردوون. ئەم تاوانانەی جەنگ دەبێت سزا بدرێن، ئێمەش ئامادەین هەرچی بتوانین پێکەوە ئەنجامی بدەین."

لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا هەرێمی چێرنیهیڤ بەردەوام بۆردومان کراوە. ئۆکرانیا لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دەکات لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە لە چێرنیهیڤ، لەو ماوەیەی مانگی سێدا کە هێزەکانی ڕووسیا هەرێمەکەیان داگیرکردبوو.

ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیای کردبێتە ئامانج و تاوانەکانی جەنگیشی ڕەت کردۆتەوە. هەروەها کارەکانی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە. ئۆکرانیا و ڕۆژئاواش دەڵێن ڕووسیا بەبێ هۆکار هێرشی کردۆتە سەر وڵاتەکە.

سەرچاو/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG