Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا: ئەنکەرە ئامادەیە پەیوەندییەکان لەگەڵ پاریس ئاسایی بکاتەوە


وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی تورکیا " ئامادەیە پەیوەندییەکان لەگەڵ فەڕەنسادا ئاسایی بکاتەوە "، سەرەڕای گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بەهۆی کۆمەڵێک بابەتەوە، ئاماژەشی بەوەدا " خشتەی ڕێگاکە " لەگەڵ فەڕەنسادا داڕێژراوە.

لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوتا پورتوگالییەکەی لە لیشبۆنە وتی " ئەگەر فەڕەنسا ڕاستگۆ بێت، ئەوا تورکیا ئامادەیە دووبارە پەیوەندییەکان لەگەڵ فەڕەنسادا ئاسایی بکاتەوە."

لە ساڵی ڕابردووەوە پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و تورکیا گرژییان تێکەوت، هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانیشیان دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکییەکانیان لەسەر سوریا و لیبیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەند و لەمدواییانەشدا لەسەر ململانێکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ناگۆرنۆ کاراباخ.

چاوش ئۆغلۆ وتی " لە کۆتاییدا پەیوەندییەکی تەلەفونی بونیادنەرانەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیاندا ئەنجامداوە و ڕێکەوتین لەسەر کارکردن لەسەر خشتە ڕێگایەک بۆ دووبارە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان."

هەروەها سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا وتی پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا پێویستی بە دابینکردنی " کەشێکی باشترە."

لە میانەی کۆبوونەوەکەی مانگی دوانزەی یەکێتی ئەوروپادا، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکە بڕیاریاندا سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنن بەهۆی چالاکییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG