Accessibility links

ماکرۆن بە پوتن دەڵێت هەوڵدەدات شتێک بکەن خۆیان لە جەنگ بەدووربگرن


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن لە مۆسکۆ بە پوتنی وت ئامانج لە سەردانەکەی ئەوەیە شتێک بکەن خۆیان لە جەنگ بەدووربگرن و متمانە لەنێوانیاندا دروست بکەن.

ماکرۆن بە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتنی وت هەوڵی " وەڵامدانەوەیەکی بەسوود " دەدات کە تیایدا خۆیان لە جەنگ بەدوور بگرن و متمانە و سەقامگیری ڕوونی بونیادبنێن. لەلای خۆشیەوە پوتن وتی ڕووسیا و فەڕەنسا " نیگەرانییەکی هاوبەشیان هەیە لەسەر ئەوەی کە ئێستا لە ئاسایشی ئەوروپادا ڕوودەدات."

پوتن وتی " دەبینم سەرکردایەتی ئێستای فەڕەنسا و بەتایبەتی سەرۆکەکەی چەندێک هەوڵدەدەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان سەبارەت بە خستنەوەی ئاسایشێکی یەکسان لە ئەوروپادا."

پێش سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ، ماکرۆن بە ڕۆژنامەی لو جێڕناڵ دو دیمانشی فەڕەنسی وت " ئامانجی جیۆسیاسیی ئەمڕۆی ڕووسیا ئاشکرا دیارە ئۆکرانیا نیە، بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوەی یاساکانی پێکەوە ژیانیەتی لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا."

لەکاتی گەیشتنیشیدا لە مۆسکۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەشێوەیەک کە ڕێی تێدەچێت گەشبینم بەڵام بڕوام بە دەرئاسای لەخۆوە نیە."
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ پێش کۆبوونەوەکە وتی " ڕەوشەکە زۆر ئاڵۆزترە لەوەی بتوانیت پێشبینی دەرەنجامێکی یەکلاکەرەوە بکەیت لە تەنها یەک کۆبوونەوەدا."

ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی ڕەوانەی سنوورەکانی ئۆکرانیا کردووە. ڕەتیشی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی هەبێت، بەڵام دەڵێت ئامادەیە " ڕێوشوێنی تەکنیکی سەربازیی " نادیاریکراو بگرێتەبەر ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێن، داوا دەکات ناتۆ هەرگیز ڕێگە بە ئۆکرانیا نەدات ببێتە ئەندام تیایدا و هێزەکانیشی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بکشێنێتەوە.

واشنتن ئەو داواکارییانەی ڕەت کردۆتەوە بەڵام دەڵێت ئامادەیە سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی چەک و بونیادنانی متمانە قسە لەگەڵ ڕووسیادا بکات.

پێسکۆڤ وتی " لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا هیچ شتێکی نوێ ڕووینەداوە سەبارەت بە بابەتی داواکارییە ئەمنییەکانی ڕووسیا. وڵاتانی ڕۆژئاوا پێیان باشە باس لەو بابەتە نەکرێت."

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەدوورییانزانیاوە بەرگری لە ئۆکرانیا بکەن لە حاڵەتێکدا ئەگەر ڕووسیا هێرشی بکاتە سەر، بەڵام دەڵێن لەڕێی سزاکان و ڕەوانەکردنی چەک و هێزی پشتیوانی ناتۆوە بۆ وڵاتانی نزیک لە ڕووسیا وەڵام دەدەنەوە.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن فەرمانیکرد 3000 سەربازی ئەمەریکی ڕەوانەی دوو وڵاتی هاوپەیمانێتی ناتۆ بکرێن لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئەوانیش پۆڵەندا و ڕۆمانیا بوون. پێشتریش بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا گەیشتنە بنکەیەکی سەربازیی لە پۆڵەندا، لەنزیک سنووری ئۆکرانیا.

ڕۆژی دووشەممەش ئەڵمانیا ڕایگەیاند 350 سەرباز ڕەوانەی لیتوانیا دەکات، ئەوەش وەکو هێزێکی پشتیوانی بۆ گروپە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG