کرێملن دەڵێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن بە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنی وتووە هەرچیەک ڕووبدات ڕووسیا ئامانجەکانی لە دەستوەردانە سەربازییەکەیدا لە ئۆکرانیا بەدەست دەهێنێت.
لە بەیاننامەیەکدا دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان پوتن و ماکرۆن، کرێملن ئاشکرای کرد یەکێک لە ئامانجەکانی ڕووسیا ئەوەیە ئۆکرانیا بکاتە بێلایەن و داماڵینی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیایە لەنزیک سنوورەکانی ڕووسیا.
وتیشی هەر هەوڵێکی کیێڤ بۆ دواخستنی گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەبێتە هۆی ئەوەی داواکارییەکانی ڕووسیا زیاتر ببێت لەو لیستی داواکارییانەی کە پێشتر داوامان کردوون.
لە بەیاننامەکەدا دەڵێت " ڤلادیمێر پوتن بە وردەکارییەوە باسی لە هەوڵە بنچینەییەکان و شێوازی گفتوگۆکانی لەگەڵ نوێنەرانی کیێڤدا کردووە، ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە سەرەتا لە گفتوگۆکاندا باس لە داماڵینی سەربازیی و پێگەی بێلایەنی ئۆکرانیا دەکەین، ئەمەش لەپێناو ئەوەی هەرگیز لە ئۆکرانیاوە هەڕەشە بۆ سەر فیدراسیۆنی ڕووسیا دروست نەبێت."
وتیشی " جەخت لەوە کراوەتەوە ئەرکە سەربازییە تایبەتیەکەی ڕووسیا هەرچۆنێک بێت بەردەوام دەبێت تاوەکو ئامانجەکانی دەپێکێت، هەوڵەکانیش بۆ دواخستنی گفتوگۆکان و بەدەستهێنانی کات تەنها دەبنە هۆی ئەوەی ڕووسیا داوای شتی زیاتر لە کیێڤ بکات لە گفتوگۆکاندا."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە " ئەرکە تایبەتییەکەی ڕووسیا بەپێی پلانەکان دەڕوات ". وتیشی ئەو هەواڵانەی کە گوایە ڕووسیا بۆردومانی کیێڤ دەکات " تەنها بەشێکن لە هەڵمەتەکانی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست " و هێزەکانی ڕووسیا هەرچی لە توانایاندا بووبێت کردوویانە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی.
ڕووسیا هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا بە " ئەرکێکی تایبەت " ناودێر دەکات و دەڵێت ئامانج لێی داگیرکردن نیە بەڵکو لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیایە لە سنووری باشووری وڵاتەکە و دەستگیرکردنی " نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز