Accessibility links

ماکرۆن ڕێوشوێنی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا ڕادەگەیەنێت


ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ڕێوشوێنی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا ڕادەگەیەنێت. ڕۆژی سێشەممەش حکومەتی فەڕەنسا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بۆ بەهێزکردنی ڕێکارەکانی دژ بە کۆرۆنا، ئەمە لەکاتێکدایە فشارەکانی سەر نەخۆشخانەکان تا دێت لە زیادبووندایە، بەتایبەتی لە پاریس.

وەزیری دانیشتوانی فەڕەنسا ئیمانوێل وارگۆن ئاماژەی بەوەدا ڕۆژی سێشەممە حکومەتی فەڕەنسا بەمەبەستی تاوتوێکردنی بەهێزکردنی ڕێوشوێنەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبوونەتەوە. لە وەڵامێکدا بۆ ڕادیۆی ڕادیۆ سود لەسەر ئەگەری کوارەنتین کردنی ئەو شارانەی کە ڤایرۆسەکە تیایاندا زۆر بڵاوبۆتەوە، وەکو پاریس، ئاماژەی بە لێدوانەکانی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە ژان کاستکس کرد کە وتی ناتوانین هیچ بژاردەیەک بەدووربزانین.

لەگەڵ ئەوەشدا وەزیرێکی دیکەی فەڕەنسا مارلین شیابا وتی حکومەت ناتوانێت بژاردەی کوارەنتین کردنی شارەکانی وەکو پاریس بەدووربزانێت چونکە لەو شارانەدا ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبۆتەوە.

لەلای خۆشیەوە ئۆفیسی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا باس لە پەتاکە دەکات. ڕاپۆرتەکانی ڕاگەیاندن پێشبینی ئەوە دەکەن ڕێوشوێنە نوێیەکان لەوانەیە کوارەنتین کردنی پاریس و شارەکانی دیکەی تێدابێت، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لەو شارانەدا و فشارێکی زۆر کەوتۆتە سەر نەخۆشخانەکانیان.

بەیانی ڕۆژی سێشەممە ماکرۆن لەگەڵ وەزیرە باڵاکانی حکومەتی فەڕەنسادا کۆبۆوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ ڕێوشوێنە نوێیەکانی دژ بە کۆرۆنا کردووە. لە دوایین چاوپێکەوتنیدا ماکرۆن فەرمانی کرد دەمامک لە هەموو شوێنە گشتیە داخراوەکان ببەسترێت لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG