Accessibility links

فەڕەنسا داوا لە لوبنان دەکات بەخێرایی حکومەت پێکبهێنێت


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان داوای لە لوبنانییەکان کرد پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا ئەگەر نا ئەوا ڕەوشی ئابووری و سەقامگیری وڵاتەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.

لۆدغیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " پێویستە لەسەریان بەخێرایی حکومەت پێک بهێنن چونکە هەر دواکەوتنێک دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی ڕەوشی خراپی ئەو وڵاتە."

دوای تێپەڕبوونی شەش هەفتەدا بەسەر دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیری لوبنان سەعد حەریریدا کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتەوە دەستی لەکارکێشایەوە، قەیرانی ئابووری بۆتە دروستبوونی کێشە لە سەقامگیری لوبناندا لەکاتێکدا بانکەکان کۆتوبەندیان خستۆتە سەر جوڵەی پارە و بەو هۆیەشەوە لە بازاڕی ڕەشدا لیرەی لوبنانی سێ هێندەی بەهاکەی دابەزیوە.

ڕۆژی چوارشەممە فەڕەنسا میوانداری کۆبوونەوەی کۆمەڵەیەک دەکات بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی لە لوبنان و بەخشەرانی هەریەک لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا تیایدا بەشداری دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG