Accessibility links

وەزیری تەندروستی فەڕەنسا: خراپترین قۆناغەکانی کۆرۆنامان تێپەڕکرد بەڵام ڤایرۆسەکە نەمردووە


وەزیری تەندروستی فەڕەنسا ئۆلیڤییە ڤیران

وەزیری تەندروستی فەڕەنسا ئۆلیڤییە ڤیران وتی خراپترین قۆناغەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە فەڕەنسا تێپەڕ بووە بەڵام هێشتا دەبێت خەڵک خۆی بپارێزێت چونکە ڤایرۆسەکە هێشتا لە بڵاوبوونەوەدایە.

ڤیران بە کەناڵی ئێڵ سی ئەی وت " قۆناغە خراپەکەی ڤایرۆسەکە تێپەڕبوو بەڵام ڤایرۆسەکە هێشتا نەمردووە. بەتەواوەتی سەرنەکەوتووین بەسەریدا بەڵام کۆنتڕۆڵی بڵاوبوونەوەکەیمان کردووە، بەردەوام دەبین لە پشکنینەکان."

ڕۆژی یەکشەممە فەڕەنسا 9 حاڵەتی نوێی گیان لەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمارکرد، بەوەش کۆی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لەو وڵاتەدا گەیشتە 29,407 کەس. ئەوەش پێنجەمین ڕۆژ بوو لە فەڕەنسا ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە 30 کەس کەمتربن.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی ڕێوشوێنەکانی داخستنی وڵاتەکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەم دەکاتەوە و قاوەخانە و چێشتخانەکانی پاریس دووبارە دەکرێنەوە، هەروەها کۆتوبەندەکانی سەر سنوورەکانی وڵاتەکەش لەبەردەم گەشتیارانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا لادەبات.

ڤیران لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا لە شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکە ناترسێت، لەکاتێکدا لە چین لە یەکێک لە بازاڕەکانی خواردن ڤایرۆسەکە دووبارە سەریهەڵداوەتەوە، وتی نیگەران نین بەڵام دەبێت وریا بین.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG