فەڕەنسا 3000 کارمەندی تەندروستی لە کارەکانیان دوورخستەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی فەرمانی وەرگرتنی ڤاکسینیان پشتگوێ خستووە کە 15 ی مانگی نۆ دوایین وادە بوو بۆ ئەوەی کارمەندانی تەندروستی لانی کەم یەک ژەمە ڤاکسین وەربگرن، حکومەتی فەڕەنسا فەرمانیکردووە سەرجەم کارمەندانی تەندروستی وڵاتەکە ڤاکسین وەربگرن.
وەزیری تەندروستی فەڕەنسا ئۆلیڤیەر ڤیران وتی " کۆمەڵێک لە کارمەندانی تەندروستی وڵاتەکە دەستیان لەکارەکانیان کێشاوەتەوە و ڕازی نەبوون ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرن."
لە مانگی حەوتدا هێشتا دەیان هەزاران کارمەندی تەندروستی ڤاکسینیان وەرنەگرتبوو کاتێک سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاند 15 ی مانگی نۆ دوا وادەیە بۆ کارمەندانی تەندروستی تاوەکو لانی کەم یەک ژەمە ڤاکسین وەربگرن.
ڤیران وتی ئەو کارمەندانەی کە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە لە خزمەتگوزارییە پشتیوانیەکاندا کارییان کردووە و هەندێک لە پزیشکان و پەرستارەکانیشیان تێدایە.
ناوەندی جۆنز هۆپکینز بۆ توێژینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وتی فەڕەنسا زیاتر لە 7 ملیۆن حاڵەتی توشبوون و زیاتر لە 116,000 حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمارکردووە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا