Accessibility links

فەڕەنسا و ئەڵمانیا ڕێوشوێنی نوێ دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕادەگەیەنن


هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە هەوڵەکانیاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێوشوێنی نوێیان ڕاگەیاند.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە وتارێکدا ڕایگەیاند سەرانسەری وڵاتەکە کوارەنتین دەکرێت و پێدەچێت تاوەکو 1 ی مانگی دوانزە بەردەوام بێت، بەڵام جیا لە کوارەنتینەکەی پێشوو، خوێندنگاکان بە کراوەیی دەمێننەوە بەڵام چێشتخانە و باڕ و دوکانە ناپێویستەکان دادەخرێن.

سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەشی بەوەدا " ئەگەر لە ئێستادا نەجوڵێین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوا لە ماوەی مانگێکدا بەلایەنی کەمەوە 400 هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدانی دیکە تۆماردەکرێت."

ڕۆژی سێشەممە فەڕەنسا لە ماوەی 24 کاتژمێردا 523 حاڵەتی گیان لەدەستدانی ڕاگەیاند، پزیشکانی وڵاتەکەش هۆشیاریاندا لەسەر ئەوەی یەکەکانی چاودێری ورد خەریکە دەگەنە ئەوپەڕی توانایانەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەڵمانیا تاوتوێی گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێی توند دەکات بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەو ڕێوشوێنانەش داخستنی باڕ و چێشتخانە و هۆڵەکانی وەرزش و ڕۆشنبیری دەگرێتەوە.

بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و فەرمانڕەواکانی هەرێمەکان، لە هەوڵێکدا بۆ دانانی سنوورێک بۆ زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە، ڕێوشوێنە نوێیەکان لە 4 ی مانگی یانزەوە دەست پێدەکەن.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دەیر لین وتی یەکێتیەکە 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ کڕینی پشکنینی خێرا و دابەشکردنیان دابین دەکات.

ئەمە لەکاتێکدا لە ئێستادا ڤایرۆسەکە لە ئەوروپا لە شوێنەکانی دیکەی جیهان خێراتر بڵاودەبێتەوە، ڕۆژانە لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا ئەوروپا 220 هەزار توشبووی نوێ تۆمار دەکات، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ هەفتەی ڕابردوودا بە ڕێژەی لە سەدا 44 زیادیکردووە

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG