Accessibility links

فەڕەنسا و ئەڵمانیا داوا دەکەن سنوورەکان لە ئەوروپا بکرێنەوە


سەرۆکی پەرلەمانی فەڕەنسا و هاوتا ئەڵمانیەکەی داوایان کرد بەزووترین کات سنوورەکانی نێوان وڵاتە ئەوروپیەکان بکرێنەوە، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک لە داخستنی ئەو سنوورانە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

سەرۆکی پەرلەمانی فەڕەنسا ڕیچارد ڤیران و سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا ولفگانگ شۆبڵ لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن " پێویستە لەسەر ئەڵمانیا و فەڕەنسا کاربکەن بۆ کردنەوەی خێرای ئازادی هاتوچۆ لە ناوچەی شنگندا."

ڤیران یەکێکە لە ئەندامانی حیزبەکەی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لەکاتێکدا شۆبل کەسایەتیەکی دەست ڕۆشتووی ناوحیزبەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە دەست دەزگای هەواڵی فرانس پرێس کەوتووە جەختیان لەوە کردەوە " داخستنی سنووری نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئەنجامی بەهێزی هەبووە، لە ئێستادا قورسایی خستۆتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا. داوا دەکەین بەخێرایی ڕێوشوێن بگیردرێتەبەر."

وابڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی شەشدا سنوورە ناوخۆییەکانی ئەوروپا بکرێنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وڵاتانی ئەوروپا بڕیاری جیا جیا لەم بارەیەوە دەدەن، ئەمەش سەرەڕای داواکانی کۆمسیۆنی ئەوروپا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG