Accessibility links

فەڕەنسا ڕەتی دەکاتەوە هەناردەکردنی کارەبا بۆ ئیتاڵیا ڕابگرێت


فەڕەنسا ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە گوایە کۆمپانیای ئی دی ئێفی سەر بە دەوڵەتی فەڕەنسا هۆشداری داوەتە ئیتاڵیا لەسەر ئەوەی ڕەنگە هەناردەی کارەبا بۆ ئەو وڵاتە ڕابگرێت و جەختیشی لە " هاودەنگی " خۆی کردۆتەوە لەگەڵ دراوسێکانیدا، لەکاتێکدا کە ئەوروپا ڕووبەڕووی قەیرانی وزە بۆتەوە.

ڕۆژنامەی لا ڕیپۆبلیکای ئیتاڵی لە ماوەی ڕابردوودا بڵاویکردەوە ئیتاڵیا نوسراوێکی ئاگادارکردنەوەی لە کۆمپانیای ئی دی ئێفەوە بەدەست گەیشتووە و تیایدا باس لە ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەکردنی کارەبا کراوە بۆ ماوەی دوو ساڵ، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانەکانی فەڕەنسادا بۆ پاشەکەوتکردنی وزە.

دواتر وتەبێژێکی وەزارەتی گواستنەوەی ئیکۆلۆجی ئیتاڵیا ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکەی پشتڕاست کردەوە.

وەزارەتی گواستنەوەی وزەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا وتی " فەڕەنسا ئەم زانیارییە ڕەت دەکاتەوە و جەخت لە پابەندبوونی خۆی دەکاتەوە بە هاودەنگییەوە لەگەڵ دراوسێ ئەوروپییەکانیدا لەڕووی کارەبا و وزەوە."

وتەبێژێکی کۆمپانیای ئی دی ئێفیش ڕەتی کردەوە کۆمپانیاکە ئیتاڵیای ئاگادار کردبێتەوە سەبارەت بە ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەکردنی کارەبا بۆ ئەو وڵاتە.

کاتێک سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی لا ڕیپۆبڵیکا پرسیاری لێکرا، وتەبێژەکەی وەزارەتی گواستنەوەی ئیکۆلۆجی ئیتاڵیا پەیوەندییەکەی لەگەڵ وەزارەتەکە پشتڕاست کردەوە و وتی " بەهۆی کێشەکانی فەڕەنساوە لەگەڵ وێستگە ناوەکییەکانیدا ئەم کێشەیە چەند مانگێکە زاندراوە."

وتیشی " دیارە دڵنیاییەک نیە کە ئەمە ڕوودەدات، بەڵام بۆ ئەوەی ئامادە بین، چەند مانگێکە تەکنیکارانی وەزارەتەکە کار لەسەر سیناریۆی جیاواز دەکەن."

چەند ساڵێکە فەڕەنسا دابینکردنی کارەبای ئەوروپادا، نزیکەی لە سەدا 15 ی ئەو کارەبایەی بەرهەمی دەهێنێت هەناردەی دەرەوەی دەکات.

بەپێی داتاکانی یۆرۆستات، فەڕەنسا لە ساڵی 2019 دا لە سەدا 5 ی کارەبای ئیتاڵیای دابینکردووە.

بەڵام لەم ساڵدا فەڕەنسا بەرهەمهێنانی کارەبای کەم بۆوە بۆ ئاستێک کە 30 ساڵ دەبێت نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە، ئەوەش بەهۆی چاککردنەوەی ئەو وێستگە ناوەکییانەیەوە کە کارەبا بەرهەم دەهێنن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG