سەرۆک وەزیری فەڕەنسا ئێدوارد فیلیپ وتی ئەو بڕیارانەی ئەمەریکا و تورکیا داویانە لە سوریا دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە بۆ سەر ناوچەکە و دەبنە هۆی گەڕانەوەی ڕێکخراوی داعش لە سوریا و عێراق.
لە وەڵامێکیدا بۆ پەرلەمانی فەڕەنسا، ئێدوارد فیلیپ وتی " گەڕانەوەی ڕێکخراوی داعش لە باکووری سوریا و باکووری ڕۆژئاوای عێراقیش لەناوبردنی ئاسایشمانە."
هەروەها فیلیپ واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی ڕێگەی بە هێرشەکەی تورکیا داوە و تاکلایەنانە بڕیاری کشاندنەوەی هەزار سەربازی ئەمەریکای لە سوریا داوە.
لەلایەکی دیکەشەوە وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب وتی هێرشەکەی تورکیا " سەرکێشییە و ئەنجامی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە."
هەروەها سەبارەت بە دەستگیرکراوانی داعش لە سوریا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان وتی " چەکدارانی داعش دەتوانن بەخێرایی بجوڵێن ئەگەر ئەو شوێنانەی لێی دەستگیرکراون پاسەوانی تەواوی لێنەبێت. بەمزووانە لەگەڵ ڕابەرانی عێراق و کورددا کۆدەبمەوە بۆ ئەوەی ئەم بابەتە چارەسەر بکەین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز