دەزگای هەواڵی فرانس پرێس لە زاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە مینسکی پایتەختی بێلاڕوسەوە بڵاویکردەوە باڵیۆزی فەڕەنسا فەرمانی پێکراوە ئەو وڵاتە جێبهێڵێت و لە ماوەی ڕابردوودا بێلاڕوسی جێهێشتووە.
بەڵام باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە نەداوە کە ئاخۆ باڵیۆزی وڵاتەکە لە بێلاڕوس نیکۆلاس دوبولان دو لاکۆست دەرکراوە یاخود نا. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بێلاڕوس ئاماژەیان بەوەدا مینسک داوای لە باڵیۆزەکەی لە فەڕەنسا کردووە بگەڕێتەوە بۆ بێلاڕوس.
بەڵام باڵیۆزخانەی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا ڕۆژی چوارشەممە لاکۆست میوانداری نوێنەرانی ڕێکخراوێکی ناحکومیان کردووە بە ناوی گۆڤۆری پراڤادۆ و ڕابەری ڕێکخراوەکەش ئاندرێ دیمیتریڤیش ئامادە بووە، لە هەڵبژارنەکانی ساڵی ڕابردووی بێلاڕوسدا ئاندرێ دیمیتری یەکێک بووە لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی.
جێی ئاماژەیە ڕێکخراوی ناحکومی گۆڤۆری براڤادۆ لەلایەن بەرپرسانی بێلاڕوسەوە قەدەغە کراوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا و بێلاڕوس هیچ لێدوانێکیان لەسەر بابەتەکە نەداوە.
پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بێلاڕوس لە بارودۆخێکی خراپدایە، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی بێلاڕوس کە تیایدا سەرۆکی وڵاتەکە ئالیکساندەر لوکاشینکۆ بە ئاسانی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دیموکراتخوازانی بێلاڕوس و ئۆپۆزسیۆن و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە.
دوابەدوای هەڵبژاردنەکانیش حکومەتی بێلاڕوس هەڵمەتێکی دژی کەسایەتیەکانی ناو ئۆپۆزسیۆن دەستپێکرد و کۆمەڵێکی دەستگیرکرد و هەندێکیشیان ناچار بوون لە وڵاتەکە هەڵبێن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز