وەزارەتی تەندروستی تونس دەڵێت ئەفسەرێکی پۆلیس تەقەی لە دوو کەس کردووە کە بەشدارییان لە حەجێکی ساڵانەدا کردووە بۆ پەرستگایەکی جووەکان لە تونس و هەردووکییانی کوشتووە، هاوکات دوو ئەندامی ئاسایشیشی کوشتووە و دواتر کوژراوەتەوە.
وەزارەتەکە وتی چوار میوانی دیکە کە سەردانی پەرستگای غریبەیان کردبوو لە دوورگەی جیربا و پێنج ئەفسەری ئاسایشیش بریندار بوون.
وەزارەتی دەرەوەی تونس لە بەیاننامەیەکدا وتی دوو نوێژخوێنەکەی کە کوژراون یەکێکیان هاوڵاتییەکی تونسییە و تەمەنی 30 ساڵ بووە و ئەوی دیکەی فەڕەنسییەک بووە تەمەنی 42 ساڵ بووە. بەڵام ئاماژەی بە ناوەکانییان نەدا.
وەزارەتی ناوخۆی تونس وتی ڕووداوەکە دوای ئەوە بووە کە هێرشبەرەکە سەرەتا تەقەی لە هاوەڵێکی خۆی کردووە و کوشتوویەتی و فیشەکەکانی بردووە.
وتیشی دواتر چووە بۆ پەرستگای غریبە کە کۆنترین پەرستگایە لە ئەفریکادا و ساڵانە سەدان کەس بۆ حەجکردن سەردانی دەکەن.
لە ساڵی 2002 دا پەرستگاکە لە ڕێی تەقینەوەیەکی خۆکوژییەوە کرایە ئامانج و بەهۆیەوە 21 کەس کوژران.
وەزارەتی ناوخۆی تونس ئەوەشی خستەڕوو " لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن تاوەکو پاڵنەری ئەم دوژمنکارییە ترسنۆکانەییە بزانرێت." ڕووداوەکەشی بە هێرشێکی تیرۆریستی ناوبرد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیۆ میڵەر سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و وتی " ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی ناو تونس دەکات کە هاوکاتە لەگەڵ حەجی جووەکاندا کە باوەڕداران لە سەرانسەری جیهانەوە بەلای پەرستگای غریبەدا ڕادەکێشێت."
وتی " پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی گەلی تونس دەکەین و ستایشی وەڵامدانەوە خێراکەی هێزەکانی ئاسایشی تونس دەکەین."
باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە تونس ڕایگەیاند دوای هێرشەکە " یەکەیەکی قەیران " و هێڵێکی گەرمی پەیوەندی بەپەلەی دامەزراندووە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ دەڵێت دەنگی تەقەکە لە پەرستگاکەدا ترسی خستۆتە نێو دڵی سەدان حاجییەوە.
بەپێی ڕێکخەرانی حەجەکە، زیاتر لە 5000 باوەڕداری جوو کە زۆربەیان لە دەرەوەی تونسەوە هاتوون، بەشدارییان لە حەجی ئەمساڵدا بۆ غریبە کردووە، کە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ ماوەی دوو ساڵ داخرا و دواتر لە ساڵی 2022 دا جارێکی دیکە کرایەوە.
حەجکردن بۆ غریبە کە دەکەوێتە نێوان جەژنەکانی پاسۆڤەر و شاڤوتەوە، دڵی کلتوری جووەکانە لە تونس، کە لە ئێستادا تەنها نزیکەی 1500 ئەندامی باوەڕداری تیادا دەژی کە زۆربەیان لە جیربەن، پێشتر پێش سەربەخۆیی لە ساڵی 1956 دا، نزیکەی 100,000 باوەڕداری جووی تیایدا ژیاوە.
حاجییەکان لە ئەوروپا و ئەمەریکا و ئیسڕائیلیشەوە بەشداری لە حەجەکەدا دەکەن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دوای هێرشەکەی ساڵی 2022 ژمارەیان کەمتر بۆتەوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس