سوپای پاکستان دەڵێت لە هێرشێکی کۆمەڵێک چەکداردا لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان لەنزیک سنووری نێوان وڵاتەکە و ئەفغانستان لانی کەم چوار سەربازی پاکستانی کوژراون.
تەهریکی تاڵیبانی پاکستان یاخود تاڵیبانی پاکستان، کە دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، هاوپەیمانێتیەکەی لەگەڵ تاڵیبانی ئەفغانستاندا نوێ کردەوە، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند.
سوپای پاکستان وتی چەکدارەکان هەوڵیانداوە لە ئەفغانستانەوە دزە بکەنە ناوچەی حەسەن کیلی باکووری هەرێمی وەزیرستانی پاکستانەوە، هێزەکانی پاکستان ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و شکستیان بە هەوڵەکەیان هێناوە.
ڕاگەیاندنی سەر بە باڵی سوپای پاکستان لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەمیانەی شەڕێکی قورسدا لەگەڵ چەکدارەکان، چوار سەرباز کوژراون."
لە بەیاننامەکەدا کە لە زاری ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە هاتووە دەڵێت چەکدارەکانیش زیانێکی گەورەی گیانیان لێکەوتۆتەوە، بەڵام نەتوانراوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ژمارەی کوژراوەکان پشتڕاست بکرێتەوە، چونکە ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ناتوانن بگەنە هەرێمەکانی سەر سنوورە شاخاوییەکەی ئەفغانستان.
مانگی ڕابردوو لە میحوەرێکی سنووریدا لە باکووری ڕۆژئاوای هەرێمی کوڕامی پاکستان چەکدارەکان لە ئەفغانستانەوە هێرشێکیان ئەنجامدا و بەهۆیەوە لانی کەم پێنج سەربازی پاکستانی کوژران.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز