بەپێی دەزگای سەرژمێری ئەمەریکا، لە ساڵی 2010 ەوە بۆ ساڵی 2022، ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی ئەمەریکا لە دایک بوون و لە ئەمەریکا دەژین بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا 15 زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 46 ملیۆن کەس.
ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەیی ئەو کەسانەیە کە لە دەرەوەی ئەمەریکا لە دایک بوون و لە ئێستادا دانیشتووی ئەمەریکان، ئەمەش سەرەڕای خاوبوونەوەی گەشەی دانیشتوان لە وڵاتەکەدا.
ویلیام فرەی دیموگرافیناس لە ناوەندی بڕۆکینز دەڵێت " زیادبوونەکە دەکرێت لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا زیاتر بووایە وەک لەوەی کە ئێستا هەیە. ئەم زیادبوونە بە بەراورد لەگەڵ هەندێک لە دەیەکانی پێشوودا ئەوەندە گەورە نیە، بە تایبەتی لە ساڵی 1990 ەوە بۆ 2000."
لە ساڵی 1990 بۆ 2000 دا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی ئەمەریکا لە دایکبوون و دانیشتووی ئەمەریکان لە 19 ملیۆن کەسەوە بەرز بووەوە بۆ 31 ملیۆن کەس. لە ساڵی 2010 ەوە بۆ 2022 هەمان ئەو گروپە لە 40 ملیۆن کەسەوە زیادیکردووە بۆ 46.2 کەس.
فرەی دەڵێت خاوبوونەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار.
وتی " بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ هەندێک لە ئاستەکانی کۆچی بە چەند سیاسەتێکی جیاواز کەم کردەوە، دواتر بێگومان پەتاشی بەسەردا هات. بەڵام دواتر لە کۆتایی ئەم ماوەیەدا، جارێکی دیکە ژمارەکان زیادییان کردەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هەتاوەکو ساڵی داهاتوو یاخود ساڵی دوای ئەوە ژمارە زۆرەکە نابینین، کاتێک لە ڕاپۆرتەکانی دواتردا ئاماژەیان پێدەدرێت."
سەرەڕای ئاماژە سەرەتاییەکان لەسەر ئەوەی کە دانیشتوانی کۆچ بە ڕێژەیەکی خێراتر گەشە دەکەن لە ساڵی 2023 دا، فرەی پێشبینی گەشەیەکی خاوتری دانیشتوان دەکات لە داهاتوودا.
وتی " بە تایبەتی لە نێو دانیشتوانە گەنجەکەدا. بۆ ئەوەی هێزی کار باشتر بکەیت، بۆ ئەوەی وابکەیت خەڵکی زیاتر بێنە ناو هێزی کارەوە، دەبێت کۆچمان زیاد بکەین. ئەوە زۆر سیاسییە بەڵام پێم وایە ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاوی ئابووری سەیری بکەیت ئەوە دەبێت کە دڵنیا ببیتەوە لەوەی بەردەوامی بدەیت بە ئاستێکی کۆچی گونجاو."
ژمارەکانی سەرژمێری دەریدەخەن کە ئاستی خوێندن بۆ ئەو کەسانەی کە لە دەرەوە لە دایکبوون و لە ئەمەریکا دەژین زیاد دەبێت. لە ساڵی 2010 دا لە سەدا 68 ی ئەو کەسانەی لەم گروپەدان خوێندنی ئامادەیی یاخود زیاتریشیان تەواو کردووە، بەڵام لە ساڵی 2022 دا ئەو ڕێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ لە سەدا 72.
لەو ویلایەتانەدا کە زۆرترین کۆچبەرییان تێدایە – کالیفۆرنیا لە سەدا 26.5، نیوجێرزی لە سەدا 23.2، نیویۆرک لە سەدا 22.6 و فلۆریدا لە سەدا 21.1 – ئەو کەسانەی کە لە دەرەوە لە دایکبوون پێنج یەکی دانیشتوانی ئەو ویلایەتانە پێکدەهێنن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
ژمارەی ئەو ئەمەریکاییانەی لە دەرەوەی ئەمەریکا لە دایک بوون ئاستێکی پێوانەیی لە وڵاتەکەدا تۆمار دەکات
